عیزەت شابەندەر، یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق، پێشبینی دەكات ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، هاوكێشەكان و باڵانسی هێز لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت و دەڵێت، “بردنەوەی بایدن، عێراق و ئێران دەگۆڕێت.”
شابەندەر لە تویتێكدا نووسیویەتی، “سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، وابەستەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ستراتیژەكانییەتی، بەڵام دەسەڵاتە فراوانەكانی سەرۆك و ئەو جیاوازییە گەورەیەی لەنێوان كەسایەتی ترەمپ و ڕكابەرەكەیدا هەیە، ئاماژەی بەهێز دەدەن بەوەی بردنەوەی بایدن، هەندێك لە هاوكێشەكانی ناوچەكە دەگۆڕێت.”
ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە لە تویتەكەیدا ڕوونیكردووەتەوە كە عێراق و ئێران، بەشێك دەبن لەو گۆڕانكارییانەی لە ئەنجامی بوونی جۆ بایدن بە سەرۆك سەرهەڵدەدەن و ڕایگەیاندووە، “عێراق و ئێران لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانە دەبن.”