جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نەجەف، لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبووەوە.
بەیانی ئەمڕۆ جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نەجەفەوە گەیشتە شارەكە.
میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، پلاسخارت سەردانی شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری كردووە بە ناوچەی حەنانە-ی نەجەف، تا ئێستا دیار نییە گفتوگۆیان لەبارەی چییەوە كردووە.
كۆبوونەوەكەی پلاسخارت و سەدر هاوكاتە لەگەڵ ئەگەری كۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر و سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان، كە بڕیارە لە نەجەف بەڕێوەبچێت، هەروەها پرسی گفتوگۆی نێوان لایەن و پێكهاتەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و هەروەها سكاڵا و ناڕەزایەتیی بەشێك لە لایەنە شیعییەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.