چەندین تۆن بیبەری دۆڵمە لە ڕوسیاوە گەڕێندرانەوە بۆ ئێران

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەیان کاڵای ئێرانی لە وڵاتانی جیهاندا بەهۆی کێشەیەک لە کوالێتی و ستانداردنەبوونیەوە گەڕێندراوەتەوە، ئێستا بیبەری دۆڵمەشی هاتووەتەسەر.

بە وتەی ڕەزا نورانی، سەرۆکی یەکێتیي میللی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ڕوسیا چەند تۆنێک بیبەری دۆڵمەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئێران، بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی پێویست و مانەوەی دەرمانی کشتوکاڵی لەسەر بیبەرەکان، بۆیە بەپێی پێوەری ستانداردی جیهانی گەڕێندراوەتەوە.

لەماوەی ڕابردوودا جوتیارێکی زۆر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەوجۆرە بیبەرە بوون، کە بۆ دروستكردنی دۆڵمەبەکاردێت، بەڵام هەنگاوەکەی ڕوسیا ڕەنگە ئەوانی نائومێد کردبێت.

ژووری هاوبەشی بازرگانیی نێوان ئێران و ڕوسیاش باسی لە قەبارەی زیانی گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییە کردووە، بەجۆرێک بەهۆی درێژیی ڕێگا و زۆریی تێچوونییەوە زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە.

خواردنی دۆڵمە خواردنێکی جیهانییە و گەلانی ئاسیای ناوەند خواردنەکە بەکاردەهێنن، بەهۆی تێکەڵبوونی دانیشتووانی ئاسیای ناوەند بە ڕوسیا، ئێستا بیبەر و کەرەستەکانی خواردنەکە لە ڕوسیا خواستی لەسەرە.

 ئەوە جاری یەکەم نییە بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران بەهۆکاری مانەوەی دەرمانی کشتوکاڵی دەگەڕێندرێتەوە و پێشتریش دەیان تۆن پەتاتە لە ئۆزبەکستانەوە گەڕێندراونەتەوە ئێران، لە هەرێمی کوردستانیش لەماوەی مانگێکدا خورما و خواردەمەنی دیکە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران.

بابەتی پێشتر

پاڕانەوەی تاڵیبان بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی سلێمانی: بەناوی هاوکاریی کەمئەندامان پارە لە خەڵک وەرگیراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share