نیویۆرک تایمز: سوریا بووەتە سەرچاوەی حەبە هۆشبەرەکان لە جیهاندا

بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا بەردەوام لە ساڵانی جەنگ و ئاڵۆزییەکاندا لەتەشەنەسەندنی گەورەدا بووە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشوو کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، پرۆسەکە لەژێر چاودێری و ئیدارەی گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەکرێت لەناویشیاندا حزبوڵڵا.

ئەو جۆرە بازرگانییە بەهۆی چاودێری و پاراستنی لەلایەن کۆمپانیا و هاوبەشەکانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەردەوام لە بەهێزبووندایە، وەك سەرچاوەکان دەڵێن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا بەبڕی ملیۆنان دۆلار دامەزرێندراوە، کە هەناردەی یاسایی تێپەڕاندووە و دەستبەرداری بوون، ئەمەش سوریای گۆڕیوە بۆ وڵاتێک کە سەرچاوەی حەبە هۆشبەرەکانە لە جیهاندا.

ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، یەکێک لە بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە حەبی کەپتاگۆن-ە کە جۆرێک حەبی نایاساییە لە جیهاندا بەهۆی ئەوەی دەبێتەهۆی ئالودەبوون و حەبەکە لە سوریا دورستدەکرێت و لەڕێگەی تۆڕەکانی بەقاچاخبردنەوە دەنێردرێتە بازاڕەکانی جیهان.

بەپێی نیویۆرک تایمز، زۆرینەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و بڵاوکردنەوەی حەبەکە لەلایەن لیوای چواری زرێپۆشی سوریاوە سەرپەرشتی دەکرێت کە ماهیر ئەسەد برا بچووکی بەشار ئەسەد فەرماندەیەتی.

بەشێکی دیکە لەوانەی لەو بازرگانییەدا بەشدارن سەرمایەدارەکانی نزیک لە ڕژێمی دەسەڵاتدارانی سوریان، هەروەها کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەسەدن ئەوەش له‌ ئه‌نجامی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی پۆلیس له‌ 10 وڵات و پسپۆڕه‌ ناوچه‌یی و نێو‌ده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاشكرابووە، هەروەها زانیارییەكانی ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ سوری و ئه‌مریكییانه‌ی كه‌ زانیارییان له‌باره‌ی بازرگانیی مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌یه‌.

بەپێی سەرچاوەکەی نیویۆرک تایمز، ئەوەی زۆرترین نیگەرانی لای وڵاتانی جیهان دروستکردووە، ئەو تۆڕە قاچاخچییانەی کە بازرگانی بە حەبی کەپتاگۆنەوە دەکەن مەترسیدارترین جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر هەناردەی وڵاتان دەکەن وەک “کریستاڵ”.

ئاماژە بەوەشکراوە، تاقیگەکانی حەبی کەپتاگۆن لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حزبوڵڵادان لەنزیک سنوورەکانی لوبنان، دەرەوەی دیمەشقی پایتەخت و شاری لازقییە بڵاوبوونەتەوە.

ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن گروپەکانی قاچاخچێتییەوە بەنهێنی لەناو پاكەت و توورەكەی چا، شیر و پاککەرەوەدا دەپێچرێنەوە و هەناردەی دەرەوە دەکرێن.

بابەتی پێشتر

پێشمه‌رگه‌ و سوپا چوونە گوندى لهێبانه‌وه‌ ‏

بابەتی دواتر

وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ میدیاکان: مەبن بە ڕایەڵێکی میدیایی بۆ تیرۆریستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share