تانەکان کورسییەکانی یەکێتییان زیادکرد

بەهۆی ئەو تانانەی لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن درابوون، دووکاندیدی هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی) لە پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندوون، لە بازنەی سێی هەولێر “هەرێم کەمال ئاغا” لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

هاوکات ڕۆنزی زیاد سیدۆ کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی) سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شوێنی کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی گرتەوە.

لە بازنەی سێی هەولێر، هەرێم کەمال ئاغا کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، 8920 دەنگی بەدەستهێناوە، هەرێم کەمال ئاغا بەپێی بڕیاری ژمارە 1665ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەبری لەیلا ئەکرەم سەعید، کاندیدی پارتی سەرکەوت بۆ پەرلەمانی عێراق.

رۆنزی زیاد سیدۆ، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 8183 دەنگی هێناوە، رۆنزی بەپێی بڕیاری ژمارە 1371ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە بری عەبدولسەلام شەعبان محەمەد بەرزنجی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوت.

بابەتی پێشتر

كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم 16 كورسی بەدەستهێناوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسین دا

بابەتی پەیوەندیدار