وەزیری تەندروستی: هیچ تووشبوویەکی ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان نییە

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن و خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیاکانی دەرمان لە سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، هیچ تووشبوویەکی ئۆمیکرۆن لە هەرێمدا نییە و کێشەی دەرمانی شاری سلێمانیشی بەستەوە بە وەزارەتی دارایی و نەبوونی نەختینەوە.

دکتۆر سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، لەئێستادا چاودێریی بارودۆخەکە و فڕۆکەخانەکان و گەشتیاران دەکەین چونکە تائێستا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لەبارەی مەترسییەکانییەوە ڕایگەیاندووە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆیان ڕووندەبێتەوە، بۆیە ئێستا تەنها چاودێریی دۆخەکە دەکەن.

وەزیری تەندروستی ڕەتیکردەوە هیچ تووشبوویەکی ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت و ڕایگەیاند، “ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین و چاودێری دەکەین هێچ تووشبوویەکی ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە”.

لەبارەی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، ئەو کێشەیە پەیوەندی بە خەرجکردن و نەختینەوە هەیە نەک تەرخانکردن، سەرجەم تەرخانکراوەکان دابینکراون، بەڵام کێشەکە وەزارەتی دارایی و بانکەکانە واتە کێشەکە نەختینەیە، “ئەگەرنا ئێمە داواکاریمان پێشکەشی وەزارەتی دارایی کردووە بۆ دابینکردنی نەختینە بۆ ئەو کۆمپانیایانە و هیوادارین ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت”.

بابەتی پێشتر

پێشمەرگەیەكی برینداری هێرشەكەی شەوی ڕابردوو شەهیدبوو

بابەتی دواتر

تەقینەوەیەك كابولی هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share