ئوسترالیا پێداگیری دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكەی فڕۆكەخانەی دەوحە

نێو فڕۆكەخانەی دەوحە

ئوسترالیا سوورە لەسەر ئەوەی قەتەر لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە و شەفاف لە كەیسی فڕۆكەخانەی دەوحەدا بكات كە “پشكنینی ژنانە” بۆ چەند هاوڵاتییەكی وڵاتەكەی كرابوو.

ماریز باین، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ئەمڕۆ شەممە بە میدیاكانی وڵاتەكەی وتووە، چاوەڕوانی ڕاپۆرتێكی گشتگیرن لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی بەرپرسانی قەتەر لەو ڕوداوەی فڕۆكەخانەی دەوحە كە “پشكنینی ژنانە” بۆ 13 هاوڵاتیی ئوسترالیا كراوە.
وەزیرەكەی ئوسترالیا ڕوداوەكە بە “دەستدرێژی” بۆ سەر ئەو ژن و كچانە ناودەبات كە ئەو پشكنینەیان بە بێ ڕەزامەندیی خۆیان بۆ كراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە قەتەر داوای لێبوردنی كرد بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە فڕۆكەخانەی دەوحە گەشتیاران ناچار كراون پشكنینی ژنانەیان بۆ بكرێت.
لە 2ی تشرینی یەكەم لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دەوحە لە قەتەر، هێزە ئەمنییەكان ناچار بوون پكشنینی ژنانە ئەنجام بدەن بۆ ژنانی نێو فڕۆكەخانەكە بەهۆی ئەوەی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لەنێو سەلەیەكی خۆڵ فڕێدرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە 28ی تشرینی یەكەم حكومەتی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “وڵاتی قەتەر جەخت دەكاتەوە كە پێویست بووە ئەو ڕێوشوێنە خێرایە بگرێتە بەر لەگەڵ گەشتیاراندا، بۆ ئەوەی ئەو تاوانە قێزەونە ئاشكرا بكات”.
حكومەتی قەتەر ڕاشیگەیاندبوو، “داوای لێبوردن دەكەین كە هەر گەشتیارێكمان هەراسان كردبێت یان جۆرێك مامەڵەی بێمەبەستیان لەگەڵدا كرابێت كە وەك دەستدرێژی بۆسەر ئازادی كەسی لێكدراوەتەوە”.
هەر پاش ڕوداوەكە یەكێك لەو وڵاتانەی ڕەخنەی لەو هەنگاوەی قەتەر گرت وڵاتی ئوسترالیا بوو، لە زاری ماریز باین، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەوە ڕایگەیاندووە، پشكنینی “ناو ڕەحم” بۆ 18 هاوڵاتیی وڵاتەكەی كراوە.
وەزیرە ئوسترالییەكە ئاماژەی بەوەشكردبوو، “بە هەموو تەمەنم شتی لەو جۆرەم نەبیستووە، ئەو كەیسەمان ڕادەستی پۆلیسی فیدڕاڵی ئوسترالیا كردووە”.
بابەتی پێشتر

بەریتانیا یەك ملیۆن توشبووی كۆرۆنای تێپەڕاند و ئەگەری كەرەنتینی گشتی هەیە

بابەتی دواتر

هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی كەوتنەوە كاری كامێرا جێگیرەكان ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share