نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، ئایندەی عێراق لەمڕۆدا ناڕۆشنە و هۆشداریشدەدات لە تەقینەوەی توڕەیی.
جنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند، ئایندەی عێراق لەمڕۆدا ناڕۆشن دەردەكەوێت، پێویستە بە گفتوگۆ كۆتایی بە دۆخی ئێستا بهێندرێت.
پلاسخارت لەمیانەی پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش وتیشی، “توڕەیی سەركوتكراو لە شەقامی عێراقیدا دەشێت لەهەر ساتێكدا بتەقێتەوە”.
داواشیكرد، كۆتایی بە دۆخی ئێستای عێراق بهێندرێت لەڕێی پێكهێنانی حكومەتێك كە نوێنەرایەتی خواستی عێراقییەكان بكات. ئاماژەشی بە مەترسیی چەقبەستوویی سیاسی ئێستا كرد و وتی، “عێراق پێویستی بە حكومەتێكی كاریگەریی خێرا هەیە”.
لە درێژەی وتەكانیدا پلاسخارت ئەوەی خستەڕوو، دادگای عێراق جەختیكردووەتە لەسەر نەبوونی بەڵگە لەبارەی ساختەكاری لە هەڵبژاردندا.
دەنگنەهێنانی هەندێك لە هێزە عێراقییەكانیش بەپێی ئەوەی پێشبینییان دەكرد گەڕاندەوە بۆ “شێوازی دابەشكردنی كاندیدەكانیان”.