هاوسەرگیریی كچێكی 12 ساڵ لە بەغداد كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

داواكارییەك لە دادگا لەلایەن ژنێكی جیابووەوە بۆ ڕەتكردنەوەی هاوسەرگیریی كچە تەمەن 12 ساڵانەكەی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، دادوەر ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییەكەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست، چالاكوانانیش خۆپیشاندانێكیان دژ بە دیاردەكە ئەنجامدا.

پێشتر دادگای باری كەسێتی لە ناوچەی كازمییەی بەغداد دانیشتنێكی تایبەت بە داواكاری هاوسەرگیری پیاوێك لەگەڵ ئیسرا-ی منداڵدا ئەنجامدا.

بەڵام دایكی ئیسرا، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، شوێنی كچەكەی نازانێت بەهۆی ئەوەی هاوسەری پێشووی “ڕفاندویەتی”، دوپاتیشیكردەوە كە كچەكەی ڕووبەڕووی “دەستدرێژی سێكسی” بووەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری مەروان عوبەیدی، پارێزەر كە وەك بریكاری دایكەكە چووەتە ناو دۆسیەكەوە وتی، “ناكرێت هاوسەرگیرییەكە تۆماربكرێت، چونكە كچەكە ناتوانێت هاوسەرگیری بكات بەهۆی ئەوەی منداڵە”.

تائێستا هاوسەرگیریی كچانی منداڵ لە عێراق بەربڵاوە، بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەكان. بەپێی یاسا 18 ساڵ تەمەنی یاسایی و ڕێگەپێدراوی هاوسەرگیرییە، بەڵام هەندێك ئاسانكاری هەیە بۆ ڕێگەدان بە هاوسەرگیری لە تەمەنی 15 ساڵی، لەحاڵەتی ڕەزامەندی كەسی یەكەمی كچەكە.

ئەو هاوسەرگیرییانەی لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە ئەنجامدەدرێن لەلایەن هەندێكەوە بە شەرعی دادەنرێن، بەڵام بە نافەرمی دەمێننەوە تا ئەوكاتەی لەلایەن دادوەرەوە ڕاستاندنی بۆ دەكرێت بەرامبەر ڕسوماتی دارایی بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی (منداڵان ڕزگاربكەن- سەیڤ زە چڵدرن).

سەبارەت بە ئیسرا، پۆلیسی كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، تیمێكی كادیرانی چاوی بە كچەكە و باوكی و هاوسەرەكەی و براكەی كەوتووە.

كچەكە وتویەتی، “هاوسەرگیرییەكە بە ڕەزامەندی خۆی بووە، بەبێ ناچاركردن و فشارلێكردنی، تیمەكە چاوی بە گرێبەستە شەرعییەكە كەوتووە كە بەهۆیەوە هاوسەرگیری كچە منداڵەكە ئەنجامدراوە” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بەڵام چالاكوانانی ژنان و لەنێویاندا یەنار محەمەد سەرۆكی ڕێكخراوی (ئازادیی ژن لە عێراق) لە بەردەم دادگای باری كەسێتی لە كازمییە گردبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ ڕەتكردنەوەی پەسەندكردنی هاوسەرگیرییەكەی ئیسرا.

چالاكوانان دروشمی “نەخێر نەخێر بۆ هاوسەرگیریكردنی دەستدرێژیكار و قوربانی” و “پوچەڵ .. پوچەڵ”یان دەوتەوە جگە لە بەرزكردنەوەی دروشمەكانی “نەخێر بۆ هاوسەرگیری منداڵان” و “هاوسەرگیری هەرزەكاران تاوانە دەرهەق بە منداڵی”.

سەرۆكی ڕێكخراوەكە دەڵێت، “ڕاستاندنی هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵێك چ مانایەكی هەیە جگە لە دەستدرێژی بۆسەر منداڵی؟” و وتی، “دەستدرێژیی سێكسی تاوانە و ئێمە لێرەین بۆ بەرگری لە منداڵەكە”.

هەروەك داوای ڕەتكردنەوەی ماددەی 398ی لە یاسای سزادانی عێراقی كرد كە “دەستدرێژیكار لە سزای یاسایی دەبەخشێت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانییەكەدا بكات.

لای خۆیەوە جنات غزی، ئەندامی ڕێكخراوی ئازادیی ژن وتی، “ئەمڕۆ لێرە بووین بۆ ئەوەی بڵێین، نەخێر نەخێر بۆ دەستدرێژی بۆسەر منداڵ بەناوی ئاین و هاوسەرگیرییەوە، منداڵی مەكوژن”.

بابەتی پێشتر

کۆچبەرانی کورد دەڵێن لە بیلاڕوسیا ئەشکەنجە دراون

بابەتی دواتر

ڕێنمای نوێی گەشتکردن بۆ هاوڵاتییانی عێراق دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share