لە پڕۆژەیەكی ڕووپێویدا 750 ناوچەی شوێنەواری لە دەشتی هەولێر تۆماركراون

ئەندامانی تیمێکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی کە ماوەی نۆ ساڵە لێکۆڵینەوە لە شوێنەوارە دێرینەکانی دەشتی هەولێر دەکەن، توانیویانە تا ئێستا 750 شوێن، وەک شوێنەواری دێرین لەو ناوچەیە دەستنیشانبکەن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ئەو ڕووپێوییە دەڵێت، “پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواری لە دەشتی هەولێر یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی سێكتەری شوێنەوار و لەلایەن پڕۆفیسۆری شوێنەوارناس د. جیسن ئور، سەرۆكی تیمی زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت، وێڕای بەردەوامیی پڕۆژەكە، تاوەكو ئێستا 750 شوێنی شوێنەواری تۆماركراون و پڕۆژەكە بۆ ساڵانی داهاتووش بەردەوامدەبێت”.

لە ساڵی 2012ەوە تیمێکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی، سەرقاڵی دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوەن لە شوێنەوارە دێرینەکانی دەشتی هەولێر و ئێستاش کاری تیمەکە بەردەوامە.

بە وتەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک شوێنی دێرین، بەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر کەوتوون، ئێستاش بەهۆی ڕووپێوییەکانەوە دەردەکەوێت 14 شوێنی شوێنەواری دێرین بەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەکەون.

نادر بابەکر محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر پێشتر ڕایگەیاندبوو، چارەسەری ئەو پرسە تەنها کنە و پشکنینی شوێنەوارییە، “ئەگەر کەلوپەلی شوێنەواریی گواستراوەبێت، ئەوانە دەگوازرێنەوە و ئەگەر شوێنێکی شوێنەواریی زۆر گرنگ بوو، کە دەرکەوت ناتوانین بیگوازینەوە و دەبێت بمێنێت، ئەوکات دەبێت چارەیەکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە، جا بە دروستکردنی بەرزەپرد، یان جێگرەوەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە بپارێزرێن”.

 

بابەتی پێشتر

ستران عەبدوڵا: دەباشان و سەری ڕەش دەتوانن كاری هاوبەش بكەن بەڵام لەسەر حسابی بنەما جێگیرەكانی یەكێتی نابێت

بابەتی دواتر

لویس هامیڵتۆن پێشبڕکێی قەتەری بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share