بەرشلۆنە بە ڕەزامەندی کومان یەکەم ئامانجی میرکاتۆی زستانی دیاریکردووە

 

یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی لە گواستنەوەکانی زستانی 2021 دووبارە بۆند پێشکەشی ئیریک گارسیای بەرگری لاوی یانەی مانچستەر سیتی دەکات.

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، گواستنەوەکانی زستانەی 2021 لە چواری مانگی کانونی دووەم دەستپێدەکات و لە یەکی شوبات کۆتاییدێت، لەو ماوەیەشدا ئیدارەی یانە کەتەلۆنییەکە هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی ئیریک گارسیای بەرگریکاری یانەی مانچستەر سیتی دەدات.

بەپێی سەرچاوەکە، خواستی بارسا لەسەر گارسیا بابەتێکی ستراتیجییە و تەنانەت لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی جوسێپ ماریا بارتۆمیو، ئەمینداریەتی هونەری یانە داوای جێبەجێکردنی لە ستافی کاربەڕێکەر کردووە.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە کۆبوونەوە لەنێوان ڕامۆن پلانێسی بەڕێوبەری وەرزشیی و ڕۆناڵد کومان لەبارەی گواستنەوەکانەوە ئەنجامبدرێت، پێشوەخت ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە ڕەزامەندی بەرانبەر گواستنەوەی ئیریک گارسیا دەربڕیوە.

ڕۆژنامەی سپۆرت نهێنییەکانی ئاشکراکردووە و نوسیویەتی، ” ڕێککەوتن لە نێوان یاریزانەکە و بەرشلۆنەدا کراوە، بۆندی دووەمی ئامادەکراو بۆ گارسیا بڕەکەی هەشت ملیۆنە و زۆر لەو بۆندە کەمترە کە هاوینی 2020 پێشکەشی سیتی کراوە، بەڵام لەڕووی ستراتیجیەوە بەهێزترە بەوپێیەی بۆندی نێوان یاریزانەکە و ئیدارەی سیتی لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت”.

گارسیای بەرگریکاری تەمەن 19 ساڵ سەرەتاکانی لە ئەکادیمیای بەرشلۆنە بووە، هاوینی 2017 پەیوەندی بە مانچستەر سیتیەوە کردووە و لە وەرزی 2018/2019وە تاوەکو ئێستا 27 یاریکردووە و چاوەڕوانی داهاتوویەکی پرشنگداری لێدەکرێت، ئەگەر بارسا دووبارە لە گواستنەوەی سەرکەوتوونەبێت، هاوینی 2021 دەیگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا.

بابەتی پێشتر

ئینتەرمیلان بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید دوو یاریزانی لەدەستدەدات

بابەتی دواتر

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share