هەڤاڵ ئەبوبەكر: سلێمانی وەك دڵ لێدەدات

سلێمانی پێویستی بە “سەقامگیری، پەرەپێدانی ئابوریی سەوز، خزمەتکردن و بوژانەوە “هەیە

هەڤاڵ ئەبوبەكر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەكات، دەڵێت، لە دامەزراندنیەوە شارەكە وەك دلێك لێدەدات و وزە لە جیاوازییەكانی وەردەگرێت، پێشی وایە، لەمڕۆدا سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە، یەکترقبوڵکردنی لۆژیکی، پەرەپێدانی ئابوریی سەوز، خزمەتکردن و بوژانەوە هەیە.

ئەمڕۆ 14/11 یادی 237 ساڵەی دامەزراندنی سلێمانییە، بەو بۆنەیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، پیرۆزبایی یادەكە لە هاوڵاتییانی شارەكە دەكات.

دەقی پەیامەكەی پارێزگاری سلێمانی :

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

هاووڵاتیانی جوامێر و خۆشەویستی سلێمانی و کوردستان..

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی ڕۆژی سلێمانیتان لێدەکەین، ڕۆژی ئەم دەڤەرەی قوڵایی مێژویی و شارستانێتیی بۆ زیاتر لە شەست و پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و بە هەوڵی مەردانەی بابانییەکان و هاوکارەکانیان و گوندە نازدارەکانی ئەو سات و سەردەمەی سلێمانی؛ ئیبراهیم پاشای بابان دەستی بەبنیاتنانی سلێمانی کرد و پایتەختی میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی گواستەوە.

ئەم شارەیان وەک شارێکی هاوچەرخ لەسەر بنەماکانی پیشەسازیی و بازرگانیی و ڕۆشنبیریی بنیاتناو، بە منەوەرەکانی وەک نالی و سالم و کوردیی زمانی بەم کوردییە شیرینەی پژا، دواتر بنەما شارستانییە نوێکانی وەک پەروەردە و فێرکردن و هونەرەجوانەکان و ئامادەیی و بەشداریی ژنانی بۆ زیادکرا.

لەو ڕۆژەوە سلێمانی وەک دڵێک لێدەدات زیندوێتی و بەهرە و داهێنان و هێز و ورە لە جیاوازییەکانی خۆی و لە دەرفەتی ئازادییەکان و لە خۆنوێکردنەوە و کرانەوە و چاولەئایندەبوون وەردەگرێت و باڵای کوردستان بەرزتر دەکات.

ئەم شارە؛ لە ئەمڕۆدا پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە و گێڕانەوەی متمانە و یەکترقبوڵکردنی لۆژیکی و پەرەپێدانی ئابوریی سەوز و تێپەڕاندنی نائومێدییەکان و ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی چارەنووس و ئایندە و خزمەتکردن و بوژانەوە و گەشەپێدانی زۆرتر و دادپەروەریی و پاراستنی ئازادییەکان و خۆخوێندنەوە و  خۆدۆزینەوە و خۆناسینەوە و پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە.

ئێستا سلێمانی؛ کە لە بنەڕەتەوە بۆ پایتەخت بنیاتنراوە؛ پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبیی لەسەر ئاستی جیهان و ئەندامی پەیمانی نێودەوڵەتیی ئەوروپایە بۆ وزە نوێکان و ژینگە و هاوتای فیدراسیۆنی شارەوانییەکانی ئیتاڵیا و دەیان شاری  پارچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانە و ئەندامی کارای کۆنگرەی نێودەوڵەتیی تەندروستیی چارەسەرسازییە و لەسەر نەخشەی قوربانیدان و کرانەوە و کشتوکاڵ و شوێنەوار و گەشتوگوزار و پیشەسازیی و بازرگانیی و ژینگە و کولتوری جیهاندایە.

سلێمانیتان لێپیرۆزبێت..

بابەتی پێشتر

لە دوو ڕۆژدا سێ عێراقی لەناو كەمپی هول كوژران

بابەتی دواتر

پوختەی دیارترین دەستكەوتەكانی ڕێككەوتنی گلاسكۆ بۆ ئاووهەوا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەنجێک لەناو رووباری خازر خنکا

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێک لەناو ئاوی رووباری خازر خنکا و دوای ماوەیەك توانرا تەرمەکەی دەربهێنرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی…
Total
0
Share