وەزارەتی پلاندانان: هەڵەبجە بە بەراورد بە دانیشتووانەکەی پارەی زیاتری بۆ تەرخانکراوە

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم وەڵامی جێگری پارێزگاری هەڵەبجەی دایەوە و ڕایگەیاند، بە بەراورد بە ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە، لە پارێزگاکانی دیکە زیاتر پارە بۆ هەڵەبجە دابینکراوە.

پێشتر کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگه‌یاندبوو، “حکومەتی هەرێم نووسراوی بۆ بەغداد کردووە، بودجەیەکی تایبەتی کە لە بەغدادەوە دابینکرابوو بۆ هەڵەبجە کەم بکرێتەوە لە 25 ملیار دینارەوە بۆ 4.5 ملیار دینار”.

وەزارەتی پلاندانان لە وەڵامی ئەو وتەیەی جێگیری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، “وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم کردووە و داوای لە وەزارەتمان کردووە دووبارە ڕێژەی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دیاری بکرێت، بەمەرجێک کۆی گشتی هەموو بودجەکە لە (100) ملیار دینار تێپەڕ نەکات و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ ڕێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگایەک و ڕێگە نادەن بنەمای دیکە بەکار بهێندرێت”.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت، “وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە کۆی (99) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕی 4.5 ملیار دیناری بۆ پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکردووە، کە ئەمە دەکاتە ڕێژەی %4.5ی کۆی پارەی تەرخانکراو، لە کاتێکدا بە داتای ڕێژەی دانیشتووان، پارێزگای هەڵەبجە بڕی %2ی بەردەکەوێت، واتە بەڕێژەی %125 لە پشکی خۆی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراوە”.

وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەوڵدراوە تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە لە پشکی پرۆژەکاندا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە کۆی گشتی (570) ملیار دینار پارەی تەرخانکراوی پرۆژەکان بۆ ساڵی 2021، بڕی (31.61) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراوە”.

بە وتەی وەزارەتی پلاندانان، “ئەگەر پشکی ڕاستەقینەی پارێزگاکە و ڕێژەی دانیشتووان بووایە، دەبوو بڕی (11.4) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی ئەم پارێزگایە تەرخان بکرایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و تایبەتمەندی ئەم پارێزگایە، کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2021ـدا ڕێژەی  %5.5 پارەی پرۆژەکانی بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانکردووە، واتە دوو هێندە و نیو زیاتر لە پشکی خۆی بەرکەوتووە”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. چۆنێتیی کارکردنی ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا لە جەستەدا

بابەتی دواتر

سێرجیۆ ڕامۆس.. 6 ملیۆنی بەفیڕۆدراو یان کارتی سەرکەوتنە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share