ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆچی هاوڵاتییان بۆ دەرەوەی وڵات بڵاوكردەوە و داوایەك ئاراستەی حكومەت و پەرلەمان دەكات.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری ئەو كۆچە بەلێشاوە بۆ “ناجێگیریی بارودۆخی هەرێم و بەردەوامیی قەیرانی دارایی و خابوونەوەی جووڵەی بازاڕ و نەبوونی هەلی كار و دامەزراندن” دەگەڕێنێتەوە.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەیدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە حكومەت دەكات “هەوڵی جددی بدات بۆ ڕاگرتنی كۆچی هاوڵاتییان لەڕێگەی بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی كار و دامەزراندنی گەنجان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا”.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواكارە “حكومەتی هەرێم هەوڵی چارەسەركردنی بەپەلەی ئەو دۆخە بدات و حكومەت و پەرلەمان كۆببنەوە و پلان دابڕێژن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوە”.