کەسێک لە حاجیئاوا دەیان “دەفتەر دۆلار”ی کاسبکارانی بردووە و هەڵاتووە

بەپێی وتەی بەشێک لە کاسبکارانی قەزای حاجیئاوا، کەسێک نزیکەی 35 دەفتەر دۆلاری ئەوانی بردووە و چووەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “کۆمەڵێک کاسبکاری حاجیئاوا گردبوونەتەوە و زانیارییان لەسەر کەسێک ئاشکراکردووە، کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خۆراکی لەگەڵ کردوون و خاوەنی کۆگا بووە، بەڵام پارەکەی بردووە و دیار نەماوە”.

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، “کاسبکارەکان وتوویانە، ئەو کەسە ناسراوە و بە مامەڵەکانی پێشووتریدا سەلماندوویەتی کە متمانەی هەیە و دوای کەڵەکەبوونی پارەکە لە لای، خۆی ونکردووە”.

یەکێک لەو کەسانەی کە پارەی براوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “کۆی بەڵگەکانمان داوەتە پۆلیس، هەموو زانیارییە کەسییەکانی ئەو کەسەش ڕادەستکراون و بەهۆی ڕووداوەکەوە خێزانی ئەو کەسەی پارەکەی بردووە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر ئازادکراوە”.

بە وتەی ئەو کاسبکارە، “ئەو کەسەی پارەکەی بردووە مامەڵەی لەگەڵ دەیان کەس هەبووە، کاسبکار هەیە تەنها نوێنەری کۆمپانیایەک بووە و ئێستا کۆمپانیاکە پارەکەی لەو نوێنەرە دەوێتەوە”.

ئەو کەسانەی پارەکەیان براوە، لەڕێگای تۆڕی میدیایی ئێستاوە، داوادەکەن یاسا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنەناو دۆسێیەکەوە، چونکە لەکاتی بێئەنجامبوونی دۆسێیەکەدا دەیان خێزان بەهۆی کێشەی ئابورییەوە هەڵدەوەشێنەوە.

ئەو کاسبکارانە ئاماژە بەوەشدەکەن، بەهۆی ئەو حاڵەتانەوە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕوودەدەن متمانە لەناو کاسبکاراندا نەماوە و هەمووان لەكاتی فرۆشتندا داوای پارەی كاش دەکەن، ئەوەش بۆ ئەم دۆخە ئابورییەی هەرێمی تیادایە زۆر قورسە.

بابەتی پێشتر

نێیمار پێش پەناڵتییەکەی لایپزیک چی بە سۆپۆزلای وت؟

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی داوادەکات کوتان بکرێتە ناچاری

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پاسپۆرتی هەڵەبجە کارەکانی راگرت

بەرێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، کارەکانی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان راگرتووە و هۆکارکەشی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتە.…
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری پەروەردە: ڕەخنەمان لە مامۆستایانی ژن لە ڕووە کارگێڕییەکەوە بووە نەک جیاوازیی جێندەری

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەبارەی لێدوانێکی پێشووترییەوە دەدات کە کەموکوڕییەکانی کەرتی پەروەردەی بۆ زۆریی ڕێژەی مامۆستایانی ژن گێڕاوەتەوە…
Total
0
Share