ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران: ئەم دۆخە بەمجۆرە بەردەوام نابێت

دوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ڕادەستکردنی کامێراکانی چاودێریی ناو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، جارێکی دیکە ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، “ئەم دۆخەی ئێستا بەمجۆرە بەردەوام نابێت”.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەزاری ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بڵاویکردەوە، سەرپەرشتیارانی نێودەوڵەتی لەمیانی کارەکەیاندا لە ئێران ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بوونەتەوە و ڕایگەیاند، “ئێمە لەناو هەورێکی چڕدا دەفڕین.. ئێمە بۆ ماوەیەکی کاتی لەم دۆخەدا دەبین، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابێت”.

لە پەراوێزی لوتکەی ئاووهەوا لە گلاسکۆ گرۆسی وتی، “لە بەرژەوەندیی ئێران خۆی و وڵاتانی جیهانیشە ئەو بابەتە بەجددی وەربگرن، ئەگەر دۆسیەی ئەتۆمیی ولاتەکەیان بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردەهێنن دەبێت گرەنتی لەوبارەیەوە بدەنە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی”.

دوێنێ سێشەممە بینی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا گفتوگۆمان کرد، تاوتوێی هەماهەنگییەکانی نێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلمان کرد، هەروەها باسمان لە مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازییەکانی ئێرانمان کرد”.

پێشتریش لە هەفتەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی تەواو سەبارەت بە گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام نازانن ئایا ئێران ئامادەیە بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بەشێوازێکی جددی”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكشێینەوە و خۆمان لەگەڵ ڕەوشی نوێ دەگونجێنین

بابەتی دواتر

تاڵیبان بەكارهێنانی دراوی بیانی لە ئەفغانستان قەدەغەكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share