یەکێتی و پارتی بە دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک ڕازین

پاش ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک دا یەکێتی دەڵێت، دابەشکردنەکە دادپەروەرانەیە و پارتی-یش دەڵێت، چارەسەرێکی مامناوەندە.

دوای مشتومڕ و گفتوگۆیەکی چڕی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک لەسەر دیاریکردنی كورسی و بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک دواجار لەسەر سێ بازنە و كورسیی بازنەكان ڕێککەوتن و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕێککەوتنەکەی پەسەندکرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی پێدا.

ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێشتر لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبەش بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، دیاریکردنی بازنەکان بە ڕەزامەندی هەموو لایەک بووە بەبێ جیاوازی و هەموو لایەنە کوردییەکان دەنگیان لەسەریداوە، پێمانوایە میکانیزمێکی باش و گونجاوە و هیچ مەترسی لەدەستدانی کورسی بۆ کورد تیادا نابینین.

وتیشی، “دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک بەو جۆرەی ئێستا دەتوانین بڵێین دابەشکارییەکی دادپەروەرانەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بێ جیاوازی”.

لای خۆیەوە خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، “دوێنێ تاوەکو کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیان لە پەرلەمانی عێراق بووین، دوای چەندین شەڕ، مشتومڕ، بایکۆت و قسەکردن گەیشتین بە ڕێککەوتنێکی مامناوەند، لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان کە هەرسێ لامان رازیبین پێی، ڕێککەوتنەکە پڕبەدڵی ئێمە نییە سەد لە سەد، بەڵام ئەوە واقیعێکە”.

وتیشی، “ئێمە حەزمان دەکرد کەرکوک یەک بازنە بوایە وەک پێشتر، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو یاسا نوێیە دەبێت هەر پارێزگایەک ببێتە چەند بازنەیەک، کەرکووک-یش وەک هەر پارێزگایەکی دیکە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی خۆی دەبێتە سێ بازنە، بازنەی باکوور/ ڕۆژهەڵات، بازنەی ناوەڕاست و بازنەی باشوور/ ڕۆژئاوا”.

خەسرەو گۆران ئەوەشی خستەڕوو، بازنەی باکوور/ ڕۆژهەڵات، 99%ی دەنگدەرەکانی کوردە کە پێنج کورسی دەبێت، بازنەی ناوەڕاست تێکەڵاوە لە عەرەب، تورکمان و کورد و چوار کورسی دەبێت، بازنەی باشوور/ ڕۆژئاوا کە 99% عەرەبە و سێ کورسی دەبێت”.

پێشتر کورد گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی بە مەترسی بۆ سەر ژمارەی کورسییەکانی دەزانی بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکوک، بەڵام بەوتەی پارتی و یەکێتی ئەم ڕێککەوتنە ئەو مەترسیەی لەسەر کەرکوک ڕەواندەوە.

ئەندامەكەی مەکتەبی سیاسیی ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو بازنانەی کە دیاریکراوە ڕێژەی کوردی تێدا زۆرە ئیتر ئەکەوێتە سەر ئاستی بەشداری دەنگدەری کورد لە هەڵبژاردنەکەدا، هەتاوەکو ئاستی بەشداری زیاتربێت دەتوانین کورسی زیاتر بەدەستبهێنین و نوێنەری زیاترمان لە پەرلەمان هەبێت”.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی-یش، ئاماژەی بەوەكرد، “مەترسی هەیە یان نا لەسەر دەنگی کورد، ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە هەر لایەنێک کاری گونجاو بکات بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت، بەپێی پیشبینی خۆم پێموایە دەتوانین شەش کورسی بەدەستبهێنین و شەڕبکەین بۆ کورسی حەوتەمیش”.

لەبارەی ئەوەی چەند لایەنی کوردی بە ڕێککەوتنەکە ڕازیبوون، خەسرەو گۆران وتی. “ئێمە و یەکێتی بەتایبەتی پێی قایلبووین و لایەنە کوردییەکانی دیکەش ئامادەبوون لەوێ لەکاتی گفتوگۆکان و ڕازیبوون”.

بابەتی پێشتر

سعودیە.. کەسێک دەستگیرکراوە کە بە چەقۆوە هێرشی کردووەتە سەر کونسوڵخانەی فەڕەنسا

بابەتی دواتر

هێرشی دووەم لە فەڕەنسا ڕویدا و ئەنجامدەرەكەی كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share