هەموو دەرچووە وەرنەگیراوەكان بەخۆڕایی وەردەگیرێن

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان دڵنیایی دا بە دەرچووان كە هەموویان وەردەگیرێن.

د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا كۆبووەوە.

سەرەڕای بەڵێنەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی تایبەت بە وەرگرتن و نەهاتنەوەی ناوی دەرچووانی 12ی ئامادەیی، بەشێك لەو دەرچووانەی گرفتیان هەیە، بەردەوامن لە ناڕەزایەتی.

لە هەولێر، ژمارەیەك دەرچوو و كەسوكارەكانیان، لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبوونەوە و چاوەڕێی دەرەنجامی كۆبوونەوەی وەزیری خوێندنی باڵا و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان بوون.

دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئارام محەمەد دڵنیایی دا لەوەی تەواوی ئەو خوێندكارە دەرچووانەی وەرنەگیراون، وەردەگیرێن، ڕوو لە خوێندكاران وتی، بچنەوە ماڵی خۆیان و لای دایك و باوك و كەسوكاری خۆیان، “ئەگەر هەڵەیەك هەبووە، كەموكورتییەك هەبووە، بەزووترین كات چارەسەردەكرێت و هەموو ئەو خوێندكارانەی ناویان نەهاتووەتەوە، ناویان دێتەوە”.

وەزیری خوێندنی باڵا نەیشاردەوە، كە پێشتر تێگەیشتنی هەبووە بەوەی ئەو پلانەی لە زانكۆكانەوە بۆ وەرگرتنی دەرچووان دانراوە، كێشە دروستدەكات، “تەنانەت ئەگەر دەستوەردانی من نەبووایە ڕەنگە لەوە كارەساتتر ڕوویبدایە و 99.8 لە پزیشكی وەربگیرایە”.

لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکە، ئارام محەمەد سەبارەت بە پلانی وەرگرتن لە زانکۆکان وتی، پلانەکان لەلایەن زانکۆکانەوە ڕەوانە دەکرێت، “هەرچەندە هەندێک جار دەستوەردانم کردووە بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتر خوێندکار وەربگیرێت بەڵام زانکۆکان سووربوون لەسەر پلانەکانیان، تەنانەت من تکام لێکردوون کە دەرفەتی زیاتر بدەن بە خوێندکاران، تەنانەت بەوە تۆمەتبەرکراوم کوالێتی دەکەم بەقوربانی کوانتێتی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو سەرۆک زانکۆیانەی تۆمەتبارم دەکەن ئەگەر بەردەوامبن لە چەواشەکاری و درۆکردن کە داڕزانی ئەخلاقییە، دەیاندەمە دادگا”.

جەختیکردەوە، %100ی خوێندکاران کە لە زانکۆلاینەوە داواکارییان پێشکەشکردووە وەردەگیرێن و هەلی یەکسانی وەرگرتن بۆ سەرجەم خوێندکاران دەڕەخسێت.

ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی زانکۆکان گرت و وتی، “ئەوانەی من تۆمەتبار دەکەن بەوەی کوالێتی دەهێنمەخوارەوە دەمەوێت بزانم لە پانزە ساڵی ڕابردوودا ئەو ئیسحاق نیوتن و تۆماس فریدمان و ئەنیشتانینانە لەکوێن لەزانکۆکانەوە دروستبوون لە هەرێمی کوردستان”.

باسیلەوەکرد، بەر لە سێ مانگ سەرۆکی زانکۆکانی ئاگادارکردووەتەوە لە کۆبوونەوەکاندا کە “قبوڵی ناکەم” خوێندکارێک 99ی هێنابێت و وەرنەگیرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، “من تەداخولی پلانەکە دەکەم، پلانی وەرگرتنیش زیاد دەکەم، پرۆسەکەش دەخەمە سەر ڕێڕەوە راستەکەی خۆی و بەرپرسیاریشم لێی”.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی دەستلەکارناکێشێتەوە وەزیری خوێندنی باڵا وتی، “ئەگەر کێشەکە بەهۆی وەزیرەوە بێت ئامادەم دەستلەکاربکێشمەوە، ئەوە کارێکی ئەوەندە قورس نییە، بەڵام  ئێمە کە غەدر و ناعەدالەتیمان کرد بەر لە پۆستەکان ئیستیقاڵەمان لە ئەخلاقی خۆمان کردووە”.

لای خۆیەوە عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كورسی خوێندنی خۆڕایی بۆ دەرچووەكان دابیندەكرێت و ئەو خوێندكارانەشی كە نمرەی 50یان هەیە، وەردەگیرێن.

دڵنیایی دا كە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە كەمتر لە 24 كاتژمێردا گرفتەكە چارەسەر دەكات.

 

بابەتی پێشتر

سیاسەتی نوێی خۆی لەگەڵ جیهان ئاشكرادەكات<br>ئێران: چارەنووسی گەلەكەمان وابەستەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ناكەین

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share