بلومبێرگ: ئەگەری هەیە نەوت بگاتە 100 دۆلار

هەریەک لە ئەمریکا، ژاپۆن و هیندستان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە لەپێناو دروستکردنی فشار لەسەر وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیک، بەمەبەستی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەهۆی مەترسییەکانی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخ بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

بەرپرسانی ئەمریکا، ژاپۆن و هیندستان وەک بەکاربەرانی سەرەکیی نەوت لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بەشێوەی جیاجیا تاوەکو جێگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی نەوت 85 دۆلاری تێپەڕاند هەوڵەکانیان چڕترکردووەتەوە.

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، هەریەک لە ئەمریکا، ژاپۆن و هیندستان بەهێزترین فشارە دیپلۆماسییەکانیان بەکاردەهێنن بەرامبەر ڕێکخراوی ئۆپیک، چ بەشێوەی ئاشکرا چ شاراوە. بەڵام چین تائێستا بێدەنگە لەو هەوڵانەدا لەگەڵ ئەوەشدا هەمان تێڕوانینی هەیە و هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتانە.

ئیدارەی جۆ بایدن سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزین نیگەرانە، لەکاتێکدا ئێستا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوویدا، لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەس بڕیاری بەرزکردنەوەی بڕێکی دیکەی بەرهەمهێنانی نەوتی دا.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەگەری زۆرە نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەگەڵ ئەوەشدا “ڕوسیا هەر کارێکی لەدەستبێت بۆ سەقامگیریی نەرخی نەوت ئەنجامیدەدات”.

لە ساڵی ڕابردوودا نرخی نەوت بەرزبووەوە سەرەتا بۆ 50 دۆلار و دواتر گەیشتە 75 دۆلار، ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لەسەروو 85 دۆلارەوەیە، مەترسیی وڵاتانی گەورە بەکاربەری نەوتیش لەوەدایە نرخەکەی بۆ 100 دۆلار بەرزببێتەوە.

بابەتی پێشتر

تۆمەتبارێك بە 180 ملیۆن دیناری ساختەوە لە سلێمانی دەستگیركرا

بابەتی دواتر

سیاسەتی نوێی خۆی لەگەڵ جیهان ئاشكرادەكات<br>ئێران: چارەنووسی گەلەكەمان وابەستەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ناكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share