سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری تێدا نییە، تەنها هەواڵی ناڕاست بڵاودەکرێتەوە، جەختیشی لە پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی مادەی 230ی لە یاسای پەیوەندییەکان کردەوە.
لە نوسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئازادیی ڕۆژنامەگەری تێدا نییە، ئێمە تەنها شێواندنی ڕاستییەکان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستمان هەیە”.
دۆناڵد ترەمپ نوسیوییەتی، “لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر فێربوون لەبارەی ئەو گەندەڵییەی لە ڕۆژنامەگەرییماندا هەیە، پێویستە مادەی 230 لە دەستووردا هەڵوەشێتەوە”.
مادەی 230 لە ساڵی 1996 وەک بەشێک لەو یاسایەی پێیدەوترێت “یاسای ئادابی پەیوەندییەکان” دانرا، لە مادەی 230دا هاتووە پێویستە پارێزگاری لەو کۆمپانیایانە بکرێت کە لە پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکەن، ئەم پارێزگارییە گرنگە بۆ هاندانی جۆری نوێ لە خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە سەردەمی ئینتەرنێتدا.