ئێران: سزاکانی ئەمریکا دژن لەگەڵ بانگەشەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان

دوای ڕاگەیاندنی سزای نوێ بەسەر پرۆگرامی درۆنەکانی ئێراندا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەپاندنی ئەو سزایانە دژن لەگەڵ ئەو بانگەشانەی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەیکات.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دوایین لیستی سزاکانی ئەمریکا کە بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، یەکناگرێتەوە لەگەڵ داواکاریی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤیەننا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

لای خۆیەوە نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی هەر هەنگاوێک پێویستبکات بۆ ڕێگریکردن لەو تۆڕانەی هاوکاریی ئێران دەکەن لە بەکارهێنانی کەرەستەی تەقینەوە لە درۆنەکاندا، دەیگرێتەبەر.

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا دەڵێت، “وڵاتەکەم سەرجەم ئامرازە ڕێگەپێدراوەکان بەکاردەهێنێت بۆ فراواننەبوونی هەژموونی ئێران و چالاکییە پیسەکانی”.

شەوی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دوو کۆمپانیا و چوار کەسایەتیی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە کە هاوکاربوون لە پەرەپێدانی درۆنەکانی ئێراندا، “کە هۆکاری ناسەقامگیرین لەناوچەکەدا”.

ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدان، ڕۆژی پێنجشەممە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێكردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا لە کۆتایی مانگی داهاتوودا ڕاگەیاند.

پێشتریش ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، “تۆپەکە لە مەیدانی تاراندایە سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمی”، چەندجارێکیش هۆشداریی ئەوەی دا، ماوەی چاوەڕوانیکردنیان زۆر درێژەناکێشێت.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەوانەی کۆنمرەیان 99 بەرەوسەرە لە پزیشکیی گشتی وەردەگیرێن

بابەتی دواتر

هەواڵگریی ئەمریکا: کۆرۆنا لەم کاتەدا سەریهەڵداوە و لە تاقیگەکان پەرەیپێنەدراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share