لێزمەباران و هەورەبروسكە بەڕێوەن.. كەشوهەوای 72 كاتژمێری داهاتوو ئاشكرادەكرێت

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان پشبینیی كەشوهەوای 72 كاتژمێری داهاتووی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، “درێژبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆیەک بۆسەر ناوچەکەمان کە بە دەستپێکی بارانبارینی ئەم وەرزە دادەنرێت کاردەکاتەسەر ناوچەکە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە “.

كەشناسی باسی لەوەشكردووە، ڕۆژی هەینی ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان لەدوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆکیش باران بەشێوەی پچڕپچڕ دەبارێت پاشان ئاستی باران کەمێک زیاتر دەبێت و درێژدەبێتەوە بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی تر.

هەروەها لە شەوی هەینی لەسەر شەممە بارانبارین بەردەوام دەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت.

كەشناسی پێشبینیكردووە ڕۆژی شەممە ئاسمان بەردەوام نیمچەهەور و هەوری تەواو بێت، پێشبینی نمە بارانیش لە زۆربەی ناوچەکان دەكات، لە شەوی هەمان ڕۆژیشدا شەپۆلێکی هەورە تریشقە و بارانی بە لێزمەی لەناکاو و کورتخایەن ڕوو لە ناوچەکە دەکات.

هەر بەپێی پێشبینییەكان، ڕێژەی بارانەکە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت و شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەش بارانێکی ئاست مامناوەند لە تەواوی ناوچەکە دەبارێت و ڕۆژی یەک شەممە کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی نیوەڕۆ، لەدوای نیوەڕۆش کاریگەرییەکەی تەنها لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێننەوە .

پاشان ئاسمان بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور دەگۆڕێت و پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییەکی زۆریان بەسەردا نایەت.

بابەتی پێشتر

فەرمانبەری ڤاكسیننەكراو مانگانە چوار پشكنین نەكات مووچەكەی ڕادەگیرێت

بابەتی دواتر

دەرچووانی 12 لە هەولێر گردبوونەوە و هێرشیان كرایەسەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share