ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ بایدن: F-16 بە تورکیا مەفرۆشە

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەهەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، داوا لە ئیدارەی جۆ بایدن دەکەن ڕێگە بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-16 بە تورکیا نەدات، جەختدەکەنەوە ڕێگری لە گرێبەستی لەوجۆرە دەکەن.

لە نامەیەکدا کە لەڕۆژی 25ی ئەم مانگە ئاراستەی جۆ بایدن-یان کردووە، 11 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردووە، “هەست بەنیگەرانییەکی قووڵ دەکەین” لەبارەی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی باس لە ئەگەری فرۆشتنی 40 فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە تورکیا دەکەن.

یاسادانەرانی ئەمریکی لە نامەکەدا نووسیویانە، “دوای لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند جارێکی دیکە سیستمی بەرگریی ئێس – 400ی ڕوسی دەکڕن، ئێمە ناتوانین فڕۆکەی جەنگیی دروستکراوی ئەمریکا بفرۆشین بە هاوپەیمانێک کە وەک دوژمن مامەڵەدەکات”.

دوای ئەو نامەیەی ئەنجومەنی نوێنەران، تائێستا کۆشکی سپی هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی لێدوان لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنگرێس نادات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاویکردەوە، تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە 40 فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16 و 80 ئامێر و کەرەستەی دیکەی جەنگیی پێبفرۆشێت، پێشتریش داوای فرۆشتنی 100 فڕۆکەی جۆری F-35ی لە ئەمریکا کردبوو، بەڵام بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس – 400ی ڕوسییەوە، ئەمریکا ئەو هەلەی نەدا بە تورکیا و پێینەفرۆشت.

لە نامەکەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەراندا جەختکراوەتەوە لەوەی، “کۆنگرێس یەکدەنگ دەوەستێت بەرامبەر هەر هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، هەروەها ئەمریکا بەرپرسیارێتیی فرۆشتنی هیچ کەرەستەیەکی جەنگیی پێشکەوتوو بە تورکیا لەم کاتەدا هەڵناگرێت”.

بابەتی پێشتر

ژمارەی قوربانیانی هێرشەكەی داعش بۆسەر قەزای شارەبان زیادیكرد

بابەتی دواتر

شاندی ئێران بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی گەیشتە برۆکسل

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share