پەرلەمان لەبارەی کێشەی سووتەمەنی و مامۆستایانی وانەبێژ بەبێ ئامادەیی وەزیرەکان کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی کوردستان سبەینێ سێشەممە کۆدەبێتەوە و هەردوو پرسی گرانبوونی بەنزین و گرفتەکانی سووتەمەنی، هەروەها داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ تەوەری کۆبوونەوەکە دەبن و لیژنە پەیوەندیدارەکانیش ڕاپۆرتیان لەوبارەیەوە دەدەنە پەرلەمان.

ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لەبارەی پرسی گرانبوونی بەنزین و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا سەبارەت بە پرسی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبوونەوە و هەردوو لیژنە ڕاپۆرتیان لەبارەی کێشەکانەوە ئامادەکردووە.

لەوبارەیەوە شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەرچەندە وەزیری سامانە سروشتییەکان بانگهێشتکرابوو بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکەمان، بەڵام ئامادەنەبوو و کۆبوونەوەکە بەبێ وەزیری پەیوەندیدار ئەنجامدرا”.

سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە شێرکۆ جەودەت ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێک تایبەت بە گرانبوونی بەنزین و کۆی کێشەکانی سووتەمەنی، هەروەها ڕێگەچارەکانیش لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئامادەکراوە و سبەینێ لە کۆبوونەوەی پەرلەمان پێشکەشدەکرێت.

“چەندین جاری پێشوو داوامان لە وەزیری سامانە سروشتییەکان کردووە و بانگهێشتمانکردووە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی کێشەکانی سووتەمەنی، بەڵام هیچ جارێک ئامادەنەبووە و سبەینێش ئامادەنابێت، لەگەڵ ئەوەی پێشتر داوای ئامادەبوونی لێکراوە”، شێرکۆ جەودەت وای وت.

پرسی مامۆستایانی وانەبێژ تەوەرێكی دیكەی کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان دەبێت و موسلیم عەبدوڵڵا بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ لیژنەکەمان لەبارەی کێشە و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبووەوە، ڕاپۆرتمان بۆ کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان ئامادەکردووە تیایدا گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و چارەسەرەکانیشمان خستووەتەڕوو، سبەینێش لە پەرلەمان قسەمان دەبێت لەوبارەیەوە”.

ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردەش بەهەمانشێوە باسی لەوەکرد، کە لەگەڵ ئەوەی بانگهێشتی وەزیری پەروەردە کراوە، بەڵام ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت و “هەرجارە و بە هۆکارێکی جیاواز ئامادە نابێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەر کەسێک ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم دابەشکردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدادەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق، بەهەمان رێوشوێنەکانی دابەشکردنی مووچە لە…
Total
0
Share