‘دۆزینەوەی گازی سروشتی’ سەركەوتن یان سەرەتای نەهامەتی بۆ توركیا؟

سه‌رۆككۆماری توركیا، دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی گازی سروشتی له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆتایی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌ك بو بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، دۆزینه‌وه‌كه‌ی توركیا مێژوییه‌ وه‌ك باس كراوه، یان ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تای ئاڵۆزییه‌كی نوێ بێت بۆ ئه‌و وڵاته‌.

پاش چوار ڕۆژ له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كێڵگه‌ی گازه‌ له‌ ده‌ریای ڕه‌ش له‌ نزیك سنوری یۆنان، ئاڵۆزییه‌كی نوێ لە هەردوو دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌نێوان یۆنان و توركیا، وڵاتانی ئەوروپاش لەسەر هێڵن بۆ ئەو مەبەستە.

سه‌ره‌تای ئاڵۆزییه‌كی نوێ بۆ توركیا
هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توركیا ده‌ستیكرد به‌ ناردنی كه‌شتی گه‌ڕان به‌دوای گازی سروشتی له‌ ڕۆژئاوای ده‌ریای ڕه‌ش و نزیك له‌ كه‌ناراوه‌كانی دوورگه‌ی كاستلوریزی یۆنانی، ئاڵۆزی كه‌وته‌ نێوان هه‌ردوو وڵات، ته‌نانه‌ت كه‌شتیی سه‌ربازی برانه‌ ناوچه‌كه‌.

پاش ئاشكراكردنی دۆزینه‌وه‌كه له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماری توركیاوه‌‌، چاوه‌ڕوان كرا كە ئاڵۆزیی زیاتر بكەوێتە نێوان توركیا و یۆنانەوە، بەڵام زۆری نەخایاند ئەو چاوەڕوانییە هاتەدی و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان هەڵكشا.

بەڵام ململانییەكەی توركیا تەنها لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە، بەڵكو لەگەڵ قوبرسیش پرسی بەزاندنی سنورە ئاوییەكانیان چارەسەر نەبوون، وڵاتی میسڕیش بێلایه‌ن نابێت له‌و ئاڵۆزییه‌، چونكه‌ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ یۆنان هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی گاز له‌ هه‌مان ناوچه‌ی ئاوی.

پێشتریش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان ڕایگه‌یاندبوو، جوڵەكانی ئه‌م دواییانه‌ی توركیا هه‌ڵكشانێكی مه‌ترسیداره‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، “ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات تێكدانی ئارامی ناوچه‌كه‌یه‌”.

پاش واژووكردنی ڕێككه‌وتنی نێوان میسڕ و یۆنانیش له‌ 6ی ئابی ئه‌مساڵ، كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌باره‌ی ئه‌و سنوره‌ ئاوییه‌وه‌‌ بو له‌ نێوانیاندایه‌، به‌ڵام هه‌مان ڕۆژ، سه‌رۆككۆماری توركیا ڕه‌خنه‌ی لێگرت و به‌ “بێ به‌ها” ناوی برد.

ئه‌و ناوچه‌یه‌ی توركیا گازه‌كه‌ی لێ دۆزیوه‌ته‌وه‌، 150 كیلۆمه‌تر دووره‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، له‌ سنوری هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی بولگاریا و ڕۆمانیاشەوه‌ نزیكه‌، ئه‌وه‌شی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌ی توركیا نزیكه‌ له‌و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌ی كه‌ هه‌شت ساڵ پێشتر له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی پێترۆم و ئیكسۆنه‌وه‌ له‌ سنوری ڕۆمانیا دۆزرایه‌وه‌ كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی گازی سروشتی ناوزه‌ند كرا.

وێڕای ئه‌و ئاڵه‌نگارییانه‌ی پرۆسه‌كه‌ی توركیا بۆی هاتووەتەپێش، به‌ڵام وڵاتێكی زۆری ئه‌وروپی و عه‌ره‌بیش پیرۆزباییان له‌ توركیا كرد و به‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ ته‌ماشایان كرد.


پێشهاته‌ نوێیەكانی ناوچه‌كه‌ مژده‌به‌خش نین
پاش چوار ڕۆژ له‌ ئاشكراكردنی كێڵگه‌ گازییه‌كه‌ی توركیا، دوێنێ دووشه‌ممه‌ 24ی ئاب، یۆنان ده‌ستیكردووه‌ به‌ بڵاوه‌پێكردنی كه‌شتی سه‌ربازی له‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ تێیدا توركیا به‌دوای نه‌وت و گازدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وه‌ش توركیای توڕه‌ كردووه‌، وه‌ك به‌شێك له‌ میدیا جیهانییه‌كان باسیان لێوه‌كردووه‌.

حكومه‌تی یۆنان له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، “بۆماوه‌ی سێ ڕۆژ گه‌ڕانی كه‌شتییه‌كانی به‌رده‌وامییان ده‌بێت”.

له‌به‌رامبه‌ردا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له‌ وتارێكیدا وتی، “كارێكی قێزه‌ون هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشتی كه‌ناراوه‌كان و كه‌شتی گه‌لی ناوچه‌كه‌ ده‌كات”.

له‌ به‌شێكی تری وته‌كانی ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاندووه‌، یۆنان به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ر پێشهاتێكی نه‌رێنی له‌و ناوچه‌یه‌.

پاش ئه‌و ململانێ نوێیه‌ی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌، ئه‌ڵمانیا ڕایگه‌یاند، هه‌وڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانی ده‌ستپێده‌كات بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، پشتگیری یۆنان ده‌كه‌ن له‌و ململانێیه‌، به‌ڵام تا ئێستا وڵاتانی نێو یه‌كێتی ئه‌وروپا دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا بۆ سزادانی توركیا.

توركیا تینوی دۆزینەوەی سەرچاوەكانی وزەیە
توركیا لە سنورەكانی خۆیەوە لە هەریەك لە دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا كەشتی بڵاوە پێكردووە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی چونكە تینوی پەیداكردنی ئەو سەرچاوانەی وزەیە.

له‌ئێستادا 90%ی پێداویستییه‌ نه‌وتییه‌كانی توركیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ هاورده‌ دەكرێت، هه‌روه‌ها ناوی له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ گرانترین سوته‌مه‌نییه‌كان بەكاردەبەن له‌ جیهاندا و ساڵانه‌ش به‌ به‌های 40 بۆ 45 ملیار دۆلار سوته‌مه‌نی هاورده‌ ده‌كات، وڵاتی عێراق، ئێران و ڕوسیاش ئه‌و وڵاتانه‌ن سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی خاوی توركیان.

پاش دۆزینەوەی كێڵگەیەكی گازی سروشتی، محه‌مه‌د ئیبراهیم، ئابوریناس و توێژه‌ر له‌ زانكۆی ئیجه‌ له‌ ئیزمیر به‌ جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ریی ڕایگه‌یاندووه‌، “دۆزینه‌وه‌ی بڕێكی وا گازی سروشتی یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ی توركیادا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كورتهێنانه‌ی كه‌ له‌ دابینكردنی وزه‌ هه‌یه‌تی”.

ئه‌و ئابوریناسه‌ ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا وا ده‌كات وێنه‌یه‌كی جوانی وڵاته‌كه‌ پیشانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بدات و ئه‌و تێڕوانینه‌ بگۆڕێت كه‌ باس له‌ دابه‌زینی ئابوری و به‌های دراوه‌كه‌ی ده‌كات، وه‌به‌رهێنی ده‌ره‌كیش په‌لكێشی توركیا ده‌كات.

فاتیح دۆنماز، وه‌زیری وزه‌ و درامه‌ته‌ سروشتییه‌كانی توركیا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، “به‌های ئه‌و یه‌ده‌گه‌ گازه‌ سروشتییه‌ی توركیا دۆزیویه‌تییه‌وه‌ نزیكه‌ی 65 ملیار دۆلاره‌”.

ڕۆژی شەممە 20ی ئاب، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی گازی سروشتی له‌ ده‌ریای ڕه‌ش، وتی، “خوای گه‌وره‌ ده‌رگای وزه‌یه‌كی بۆ كردینه‌وه‌ كه‌ به‌ خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌ده‌هات”.

به‌ وته‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا، له‌و كێڵگه و له‌ بیری “تونا‌1” 320 ملیار مه‌تر سێجا گازی سروشتی دۆزراوه‌ته‌وه‌.

بابەتی پێشتر

ڤیتامینێك دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانەكانی شێرپەنجە

بابەتی دواتر

پاترییەكی كارەبایی داهێنرا كە دەتوانێت 28 هەزار ساڵ كاربكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share