ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ئایندەی چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران نیگەرانە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریدا لە شکستهێنانی پرۆسەی چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی کۆریای باکوور، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕەئیسی بووەتە سەرۆک کۆمار و پەیوەندیکردنی ئاژانسەکە لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە قورستربووە.

ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، قسەی بۆ كەناڵی NBC Newsــی ئەمریكی كردووە، ڕایگەیاند، چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران باوەڕپێکراو و گونجاو نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران ڕەتیکردەوە کامێراکانی چاودێریی ناو وێستگە ئەتۆمییەکان چاکسازییان تێدابکرێت.

گرۆسی دەڵێت، ئێران ڕێگەی بە ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوە دەستیبگات بە زۆرترین کامێراکانی چاودێریی ناو وێستگە ئەتۆمییەکان، جگە لە یەکێک لە وێستگەکانی نەبێت کە هیچ چاودێرییەکی لەلایەن ئاژانسەکەوە لەسەرنییە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەکردووە، دەستنەگەیشتن بە کامێراکانی ئەو وێستگە ئەتۆمییەی ئێران دەریدەخات وڵاتەكە سوورە لەسەر شاردنەوەی پرۆسەی چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پرۆسەی چاودێریكردنەكە ناتەواو و نادروست دەبێت و ئەنجامی ورد بەدەستنایەت.

گرۆسی هۆشداریی لەبارەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی کۆریای باکوور داوە و جەختدەکاتەوە، لە حاڵەتێکدا ئێران ڕەزامەندی نەدات لەسەر دانانی کامێراکانی چاودێری لە وێستگەکانیدا، سیناریۆی کۆریای باکوور دووبارە دەبێتەوە و ئەوەش “خراپترین سیناریۆیە بۆ ناوچەکە”.

گرۆسی لەوەش نیگەرانە كە دوای هەڵبژاردنەکانی ئێران و بوونی ڕەئیسی بە سەرۆک کۆمار، ناتوانن بەئاسانی دەستیان بگاتە بە پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتی ئێران و تائێستا هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەنجامنەداوە، هیوادارە لەماوەیەکی نزیکدا دیداری لەگەڵ ئەنجامبدات.

بابەتی پێشتر

محەمەد سەفایی.. لە دەروێشیەوە بۆ گۆرانیبێژ

بابەتی دواتر

حزبوڵای عێراق وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایش دەداتەوە.. باسی شمشێر و دەستبڕین دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share