وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەر باشە
كۆرۆنا لەنێو منداڵانیشدا لە هەڵكشاندایە

حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لەنێو منداڵانیشدا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، ڕۆژانە نزیكەی 40 نەخۆش لە نەخۆشخانە دەهێڵدرێنەوە، وەك ئەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەیڵێت، داواش لە دایبابان دەكات لەخۆیانەوە دەرمان بەكارنەهێنن.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری) لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەركات نەخۆشی كۆرۆنا لەنێو كەسانی گەورەدا زیادیكرد، لەنێو منداڵانیشدا زیاددەكات، لەئێستاشدا نەخۆشییەكە لەنێو منداڵاندا لە هەڵكشاندایە و حاڵەتەكانی تووشبوون زۆرن.

وتیشی، “بەهۆی كردنەوەی قوتابخانەكانەوە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە منداڵانەوە سەرچاوە دەگرێت و زیاددەكات”.

ڕۆژانە 70 بۆ 80 منداڵی نەخۆش لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی داخڵدەكرێن، وەك ئەوەی دكتۆر پشدەر ئاماژەی پێدا و وتی، “نیوەی ئەو نەخۆشانەی داخڵ دەكرێن گومانی كۆرۆنایان لێدەكرێت، بەڵام وەڵامیان بۆ چارەسەر باشە و زوو چارەسەر دەبن”.

ئەوەشی ڕوونكردنەوە، ڕۆژانە 500 بۆ 600 منداڵ لە بەشی ڕاوێژكاریی نەخۆشخانەی منداڵان دەبینرێن، پێدەچێت نیوەی ئەوانە كۆرۆنایان هەبێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان، لەئێستادا پەتای هەڵامەت، پەتای وەرزی و سكچوون و ڕشانەوە لەنێو منداڵاندا زۆرە.

دەربارەی ئەوەی چۆن بتوانرێت پەتای وەرزی لە پەتای كۆرۆنا جیابكرێتەوە، دكتۆر پشدەر وتی، “ئەو پەتای دەلتا كۆرۆنایەی لەنێو منداڵاندا هەیە زۆر هاوشێوەی پەتای هەڵامەتە (ئەنفلۆنزا)یە و زۆر لەیەكەوە نزیكن”.

ڕێنوێنی ئەوەش دەكات، ئەگەر منداڵەكە تای بەرزی هەبوو، سكچوون و ڕشانەوەی زۆری هەبوو، خواردنی بۆ نەخورا، سەرئێشە و سكئێشەی زۆری لەگەڵدا بوو، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بكات و پزیشك بیبینێت بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.

بەپێچەوانەشەوە دەكرێت لە ماڵەوە بە فێنككردنەوە و پێدانی شلەمەنی زۆر چارەسەر وەربگرێت.

داواشی لە دایكان و باوكان كرد لە خۆیانەوە دەرمان بەكارنەهێنن و چارەسەر زۆر ناپێویست بەكارنەهێندرێت، بەتایبەت دەرمانی دژە بەكتریا، بەڵكو پێویستە پزیشكی پسپۆر بڕیار لەسەر ئەوە بدات كە چ دەرمانێك پێویست دەكات، یان پێویست ناكات.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان ئەوەشی خستەڕوو، دایكان و باوكان دەبێت ترسێكی زۆریان نەبێت، بەڵام خۆپارێزی فێری منداڵەكانیان بكەن بە (دەست تەعقیمكردن، ماسك بەكارهێنان و نەخواردنی خواردن لە دەرەوە).

هەروەها تا ئەوكاتانەی ئەو نیشانە قورسانەیان نەبێت، دەتوانن لە ماڵەوە تای داببەزێنن و بەدووری بگرن لەوانی دیكە، تەنانەت ئەگەر پەتای هەبوو، پەتایەكی ئاسایی هەڵامەتیش بێت نەیاننێرنەوە بۆ قوتایخانە، لەماڵەوە پشوو وەربگرن لەگەڵ پێدانی شلەمەنی زۆر و فێنككردنەوە.

بابەتی پێشتر

پارێزگاری هەولێر: سبەینێ ڕێکاری نوێ دەردەکرێت و ژیان وەک ئەمڕۆ نابێت

بابەتی دواتر

دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ جەژنی ئاشوورییەکان: ڕۆڵێکی گرنگتان لە پتەوکردنی تەبایی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆی ئاشوورییەکان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕۆڵی ئەوان لە پتەوکردنی گیانی تەبایی و…
Total
0
Share