لەبارەی كۆرۆناوە پەرلەمانی كوردستان داوایەك ئاراستەی هاوڵاتییان دەكات

لیژنەی كاروباری تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان، هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا و داوا لە هاوڵاتییان دەكات ڕوو لە وەرگرتنی ڤاكسین بكەن.

لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستیی په‌رله‌مانى كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، بەداخەوە جارێکی دیكە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە زیادبوونە و دووبارە فشاری زیاد لە پێویست کەوتووەتەوەسەر نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەکانی کۆرۆنا.

دەشڵێت، “هەرچەندە لەئێستادا بڕێکی باش لە ڤاکسینی کۆرۆنا لە بنکەکانی پێدانی ڤاکسین لە شارەکانی هەرێم بەردەستن، بەڵام بەداخەوە ڕێژەی کوتان و ئەو کەسانەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە کەمە و لە ئاستی پێویست و چاوەڕوانکراودا نییە”.

“مەترسی هەیە جارێکی تر هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی دیكەی کۆرۆنا ببێتەوە” لیژنەكە وادەڵێت و داواش لە هاوڵاتییان دەكات “پەلەبکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین و هانی کەسوکاریان بدەن هەمووان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی خۆتان و ئازیزانتان”.

بەهەمانشێوە داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات دەستپێشخەری بکەن لە خێرا وەرگرتنی ڤاکسین و ببن بە نمونەیەکی هۆشیار بۆ ئەوەی هاوڵاتییان چاویان لێبکەن و ڤاکسین وه‌ربگرن.

ڕاگەیەندراوەكە لەكاتێكدایە تەنها دوێنێ هەزار و 154 تووشبووی نوێی كۆرۆنا لە شارەكانی هەرێم تۆماركراون كە زۆرترینیان لە هەولێرن بە 421 حاڵەت، هەروەك 17 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بە ڤایرۆسەكە هەبوون كە تەنها لە هەولێر 10 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆش 688 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 12 گیانلەدەستدان لە هەرێم بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تۆماركران.

بابەتی پێشتر

پەكەكە لەبارەی بەكارهێنانی كیمیایی لەلایەن توركیاوە داوای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەكات

بابەتی دواتر

ئەو كەسەی نانەواكەی بریندارکرد دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share