وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشی پێنجەمی چەکی بانکی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرجکراوە و گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “چەکی بانکی بەشی پێنجەمی شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێم گەیشتووە”.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی بەسەر پارێزگاکاندا بەمجۆرە پۆلێنکردووە:
سلێمانی: بڕی یەک ملیار 190 ملیۆن دینار
هەولێر: 762 دوو ملیۆن دینار
دهۆک: 115 ملیون دینار
کۆی ئەو پارەیەی ئەمجارە حکومەتی عێراق لە شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران ناردوویەتی دوو ملیار و 67 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا پێشتر چوار جاری دیکە پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی 2021ی خەرجکردووە، بڕی پارەی ئەو گەنمەی کە جوتیارانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی عێراقیان کردووە 64 ملیار دینارە.