تەندروستیی سلێمانی: لە بۆماوەییەوە خەڵکی ڕاپەڕین بەرگرییان بەرامبەر کۆرۆنا لاوازە

بەرپرسانی تەندروستی، دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین بە بارودۆخێکی ترسناک پێناسەدەكەن و بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین، “بەهۆی سیفاتی بۆماوەییەوە خەڵکی ناوچەی ڕاپەڕین بەرگرییان بەرامبەر بە کۆرۆنا لاوازە”.

ئەمڕۆ سێشەممە دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و تیمێکی تەندروستیی سلێمانی سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینیان کرد، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی کۆرۆنا لە ناوچەکە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەڵێنی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە تەندروستی و پزیشکییەکانی بە ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و بەپێی بەڵێنەکەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، ڕۆژانە پێداویستیی پزیشکی و ئۆکسجین ڕەوانەی ئیدارەی راپەڕین دەکرێن.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، “بارودۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دەڤەری ڕاپەڕین دۆخێکی ترسناکە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە”.

داوای لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی کرد بەزووترین کات بێنەسەر خەت و وتی، “بودجەی کۆرۆنا بودجەی تەوارییە و پێویستناکات ڕێکارە داراییەکانی بەسەردا جێبەجێبکرێت، ناکرێت چاوەڕێی ڕۆتینات بکرێت چونکە خەڵکی دەڤەرەکە سات بە سات و خولەک بە خولەک گیانلەدەستدەدەن”.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕووی داواکارییەکانی کردە هاوڵاتییانی ناوچەی راپەڕین و وتی، “داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەم ئەم دۆخە بەهەندوەربگرن و ڤاکسین وەربگرن چونکە ئەگەر خەڵکی ناوچەکانی دیکە یەکجار پێویست بکات خۆیان بکوتن، خەڵکی ڕاپەڕین دەبێت زیاتر بەدەم خۆڤاکسینکردنەوە بچن”.

دکتۆر سەباح هەورامی دوو هۆکاری خستەڕوو کە وادەخوازن خەڵکی ناوچەی ڕاپەڕین زیاتر هەوڵی وەرگرتنی ڤاکسین بدەن، یەکەمیان بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، هۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەریی زۆریان لە بابەتی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی هەیە وتی، “بەپێی داتا بەردەستەکان بۆماندەرکەوتووە خەڵکی دەڤەری راپەڕین بەرگرییان لاوازە بەرامبەر کۆرۆنا و لەماوەیەکی کەمدا دۆخیان خراپدەبێت”.

وتیشی، “بەپێی ئامارەکان زۆرترین ئەوانەی لەخوار 35 ساڵەوەن و گیانیان لەدەستداوە بە کۆرۆنا خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن، زۆرترینی ئەوانەشی سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکەن و دۆخیان خراپە و گەنجن و خوار تەمەنی 40 ساڵن خەڵکی ئەم دەڤەرەن”.

سەبارەت بە هۆکاری دووەمیش وتی، لەبەرامبەر لاوازیی بەرگرییان ئەوانەی لە دەڤەرەکە ڤاکسینیان وەرگرتووە کاریگەرییەکی زۆر باشی هەبووە لەسەریان و تەنها یەک حاڵەتیش نییە ڤاکسین کرابێت و داخڵی نەخۆشخانە کرابێت، بۆیە پێویستە خەڵکی ڕاپەڕین بەدەم وەرگرتنی ڤاکسینەوە بچن.

بابەتی پێشتر

بەوێنە.. مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەگەڵ كەسایەتییەكی ئیسرائیلی لە ئیمارات كۆبووەتەوە

بابەتی دواتر

مەلا بەختیار داوای لێبووردنی لە كۆمەڵ كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە كەركوك و مەخمور بڵاوەیان پێدەكرێت.. لیوایەكی پێشمەرگە دەخرێتەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاشكرایدەكات، لیوایەكی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەكی سوپای عێراق تێكەڵدەكرێن بۆ ئەوەی دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروستبكرێت…
Total
1
Share