لە پارێزگای سلێمانی خۆڤاكسینكردنی مامۆستایان وەك پێویست نییە

وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا

تەندروستی و پەروەردەی سلێمانی ژمارەی جیاواز لەبارەی خۆڤاكسینكردنی مامۆستایانەوە دەڵێن، تەندروستی باس لە خۆڤاكسینكردنی تەنها 700 مامۆستا دەكات، لەكاتێكدا سەرچاوەیەكی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە 42 هەزار مامۆستا كەمتر لە 10 هەزاریان خۆیان ڤاكسینكردووە.

پێش دەستپێكی خوێندنی ئەمساڵ، وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردەی هەرێمی كوردستان داوایان لە مامۆستایان كرد خۆیان ڤاكسین بكەن، بڕیاردرا ڕۆژی تایبەت بە خۆڤاكسینكردنی مامۆستایان دیاریبكرێت، بەڵام ڕێژەی خۆڤاكسینكردنی مامۆستایان لە سلێمانی وەك پێویست نییە.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تا ئێستا لە نزیكەی 42 هەزار مامۆستای پارێزگای سلێمانی، بە ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەرینەوە، كەمتر لە 10 هەزار مامۆستا ڤاكسینیان وەرگرتووە.

سەرچاوەكە دووپاتیكردەوە، ئەو ڕێژەیە داتای تۆماركراوە لای پەروەردەی سلێمانی، دیارنییە مامۆستای دیكە ڤاكسینی وەرگرتبێت و لای پەروەردە تۆمارنەكرابێت.

بەڵام دكتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر كەمتر لە ژمارەكەی پەروەردەی سلێمانی ئاشكرادەكات، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەو هەڵمەتەی ڕاگەیەندرا بۆ ڤاكسینكردنی مامۆستایان، كە لە سەرەتای مانگی ڕابردوو بوو، تەنها 700 مامۆستا ڤاكسینیان وەرگرتووە.

ئەو هەڵمەتەی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی باسیدەكات، لە 1/9 تا 15/9ی خایاند.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم باسی لەوەکرد، بڕیارە لە چەندڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی کۆببنەوە بۆ دانانی میکانیزمێک تاوەکو پرۆسەی خۆڤاکسینکردنی مامۆستایان زۆرترین ژمارەی مامۆستایان تێیدا بەشداربن، “لەگەڵئەوەشدا ئێمە ناتوانین کەس ناچاربکەین ڤاکسین وەرگرێت”.

یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان قسەی جیاوازی لەوبارەیەوە هەیە، بەتایبەت لەبارەی دیاریكردنی بنكە و كاتی تایبەت بە ڤاكسینكردنی مامۆستایان.

مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی مامۆستایان بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوەی حکومەت باسی دەکات ناوەندی تایبەت بە مامۆستایان بۆ ڤاکسین دابینکراوە و مامۆستا هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت ڤاکسین وەرگرێت، تەنها بانگەشەی ناو ڕاگەیاندنەکانە، چونکە مامۆستایان وەک هاوڵاتییانی دیکە دەبێت نۆرەبگرن و چاوەڕێی هاتنەوەی ناوەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین”.

ماوەیەكە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەت لە ئیدارەی ڕاپەڕین دۆخەكە قورسە و نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی نەخۆشی دیكەیان نەماوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبوون بەنزیكەیی بەجێگیری ماوەتەوە، بەڵام گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆناوە زۆرە.

بابەتی پێشتر

زانكۆی ڕاپەڕین بەستنی ماسكی كردە ناچاری

بابەتی دواتر

كۆمسیۆن وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئاشكراكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستن: کەسانی نیشتمانپەروەر دەتوانن رێگری لەو هزرە مەترسیدارە بکەن پێیانوایە حوکمڕانی بۆ ئەوان نەبێت نابێت

نەزهەت حالی بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “زۆر باوەڕم بە توانای کەسانی نیشتمانپەروەر و ئازا…
Total
0
Share