فیلمەكەیان لە بۆشایی ئاسمان وێنەگرت و گەڕانەوە سەر زەوی

ئەو ستافە ڕوسییەی چووە بۆشایی ئاسمان بۆ وێنەگرتنی چەند دیمەنێكی فیلمێكی سینەمایی، گەڕایەوە سەر زەوی.

ڕۆژی شەشی ئەم مانگە، هەریەك لە دەرهێنەر كلیم شیپینكۆیە و ژنە ئەكتەر یولیا پێریسیلد كە ڕۆڵی پاڵەوانی فیلمێكی ڕوسی دەگێڕن، بە كەشتیی ئاسمانیی سویوز ئێم ئێس- 19 لە كازاخستانەوە گەشتیانكرد بۆ بۆشایی ئاسمان.

ئەوكات میدیای ڕوسیا بڵاویكردەوە كە ستافەكە دەبێت لەماوەی 12 ڕۆژدا كارەكانی وێنەگرتنی دیمەنەكانی فیلمەكە لە بۆشایی ئاسماندا تەواوبكات.

یولیا پێریسیلد تەمەن 37 ساڵ كە پاڵەوانی فیلمەكەیە، ڕۆڵی پزیشكێكی ژن دەگێڕێت كە پسپۆڕی نەشتەگەریی دڵە و دەینێرن بۆ بۆشایی ئاسمان لەپێناو ڕزگاركردنی گەردوونناسێكدا، كە گەردوونناس ئۆلگ نۆڤێتسكی ڕۆڵی گەردوونناسە نەخۆشەكە دەگێڕێت و ماوەی شەش مانگ لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بووە.

فیلمەكەی ڕوسیا ناوێكی سەرەتایی لێنراوە كە “ئاڵنگاری”یە و یەكەم فیلمە لەسەر ئاستی جیهان كە لە بۆشایی ئاسمان وێنەبگیرێت و هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ وێنەگرتنی فیلمێك لە بۆشایی ئاسماندا، كە تۆم كروز ڕۆڵی پاڵەوانێتییەكەی دەگێڕێت و ئاژانسی ناسا سەرپەرشتی دەكات.

بابەتی پێشتر

دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە چەند پارێزگایەك خۆپیشاندانە

بابەتی دواتر

دووەم ناپاكیی ئیكاردی... بۆچی لە ئەرجەنتین دوورخرایەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share