سەدر بۆ مالكی: تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە

نوری مالكی و موقتەدا سەدر

لە ئامۆژگارییەكدا بۆ حزبی دەعوە، موقتەدا سەدر داوای بەخۆداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان لەو حزبە دەكات و ڕوو لە نوری مالكی-ش دەڵێت، “تاقیكرایەوە و سەركەوتوو نەبوو، بۆیە تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە”.

ساڵح محەمەد عێراقی، كەسی نزیكی موقتەدا سەدر، كە زۆرجار بە “وەزیری سەدر” ناودەبرێت، پەیامێكی بەناوی سەدرەوە ئاراستەی حزبی دەعوەی ئیسلامی كردووە و لە بەشێكیدا داوایان لێدەكات بەخۆداچوونەوە و خۆڕێكخستنەوە بكەن لەڕێی ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی سەر بە حزبەكەن و تێوەگلاون بە گەندەڵی و تاوانی خوێن لە موسڵ و پارێزگاكانی دیكە.

لەبارەی پەیامێكی نوری مالكی-ش سەبارەت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەڵێت، “تووشی سەرسوڕمان بوون بە قسەكانی، بەڵام كەموكورتیی تێدایە.. ئامۆژگاریی دەكەم درك بەوە بكات كە لەدەستدرا و لەدەستیداوە، قەرەبووی لەدەستچوو ناكرێت بە دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە، تاقیكرایەوە و سەركەوتوو نەبوو، بۆیە تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە”.

وەزیرەكەی سەدر دەشڵێت، لەڕێی چاوخشاندنەوە بەوانەی ڕوویدا و كاركردن لەسەر خودلێپرسینەوە و دواتریش ئاشكراكردنی ئەوانەی تێوەگلاون لەبەردەم خودا و كۆمەڵگا، پێویستی بە دەستپێشخەری و ئازایەتی و دوودڵنەبوون هەیە بەر لەوەی كارلەكاربترازێت، ئەگەر خۆی بە بێگوناهـ دەزانێت لەوەی دەخرێتە پاڵی، دەركەوتنی بێگوناهییەكەی كارێكی خوازراوە.. ئەوكات پرشنگی جوانی بۆ خۆی و حزبەكەشی دەگەڕێنێتەوە و نزیكی دەكاتەوە لە خودا و گەلەكەی”.

پەیامەكەی موقتەدا سەدر بۆ نوری مالكی لەكاتێكدایە، سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و چانسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی زۆرە، بەڵام نوری مالكی دەستیكردووە بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی شیعە، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكەن لە نمونەی فەتح-ی هادی عامری، بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

بابەتی پێشتر

قەیرانی لیرەی تورکی بەردەوامە و ئەردۆغان بە تۆمەتباری سەرەكی دەزانرێت

بابەتی دواتر

غاز گران نابێت<br>ئومێد خۆشناو: هەر ئۆتۆمبێلێکی غاز پۆلیسێكی لەگەڵدا دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share