سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕاگەیەندراوێكیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڵاوكردەوە

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و فائیق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ڕایگەیەندراوێكیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڵاوكردەوە و داوا لە لایەنەكان دەكەن خۆیان دووربگرن لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات لەبەرچاوبگرن و پەرلەمان و حكومەتێك پێكبهێنن كە وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەكانی هاوڵاتییان بن.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویانكردەوە هەردوولا دەڵێن، “لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و دەستووری و یاساییمانەوە، هەروەها پەرۆشیمان بۆ پرۆسەی دەستووری و ڕێڕەوی دیموكراسی لە وڵاتدا، وەك جەختكردنەوەش لە پێویستیی بەرژەوەندیی عێراقییەكان و پەرۆشیمان بۆ ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و كاركردن بۆ پەلكێشنەكردنی بەرەو هەر ئاڵۆزكردنێك كە كار بكاتەسەر ئاسایشی گشتی، جەختدەكەینەوە كە گەڕانەوە بۆ گەل بنەمایەكی سەرەكی و دەستوورییە بەو پێیەی گەل سەرچاوەی شەرعییەتی حكومڕانییە، هەڵبژاردنیش دەستكەوتێكی نیشتمانی و ڕێڕەوێكی دیموكراسییانەی ئاشتیخوازانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ هاوڵاتییان و بژاردەكانیان و پێویستیی بەدیهێنانی متمانەی عێراقییەكان بە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی گوزارشتكەری ویستی ڕاستەقینەیان بێت”.

سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەو سۆنگەیەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و دەستەی دادوەریی تایبەت بە هەڵبژاردن دووپاتدەكەنەوە و داوای “پەرۆشی و جددییەت دەكەن لە سەیركردنی سكاڵا و تانەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پیشەگەرانەی بەرز و بەرپرسیارێتی و بێلایەنییەكی تەواو”.

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەن “هەڵوێستێكی نیشتمانیی بەرپرسیارانەیان هەبێت كە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات لەبەرچاوبگرێت، پابەندببن بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و زاڵكردنی زمانی هۆشمەندی و دووركەوتنەوە لە هەر ئاڵۆزكردنێك كە زیان بە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بگەیەنێت”.

بە پێویستیشی دەزانن “هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو بەدیهێنانی دەستكەوتە نیشتمانییەكان كە چاوەڕوانی وڵاتن، ئەوەش لەڕێگەی پێكهێنانی ئەنجومەنێكی نوێنەرانەوە كە گوزارشت لە ویستی گەل بكات و وەڵامی چاوەڕوانییەكانیان سەبارەت بە چاكسازی و گەشەپێدان بداتەوە”.

لە كۆتاییدا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و فائیق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، داوا دەكەن “كاربكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كارا كە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بپارێزێت لەڕێگەی بەهێزكردنی دەوڵەتێكەوە توانای بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی هەبێت ڕووەو داهاتوویەكی باشتر”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. جارێکی دیکە مزگەوتێکی شیعەکان لە ئەفغانستان تەقێندرایەوە و کوژراو هەن

بابەتی دواتر

ڕوسیا داوا لە تاڵیبان دەكات شەڕی داعش بكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
4
Share