×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سعودیە پلانی هەیە دەرگا بەڕووی عەمرەكاراندا بكاتەوە

2020-09-21
مەكە لە سەردەمی كۆرۆنادا
فۆتۆ: RT
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
وەزیری حەج و عەمرەی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلول ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی لە هەوڵی ئەوەدایە بە پلەبەندی، ڕێگا بە ئەنجامدانی عەمرە بدات بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنە تەندروستییە خۆپارێزییەكان.

محەمەد ساڵح، وەزیری حەج و عەمرەی سعودیە ڕایگەیاند، "لە هەوڵی ئەوەداین ڕێگا بە بەجێگەیاندنی عەمرە بدەین بەشێوەیەكی پلەبەندی، بەڕەچاوكردنی خۆپارێزییە تەندروستییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت كۆمپانیاكان و دامەزراوەكان ڕێكارەكانی خۆیان بخەنەڕوو".

وەزیرەكەی سعودیە ئەوەشی ئاشكراكردووە ڕێكارەكان لەڕێی ئەپی "ئەعتەمرنا"وە دەبن، بۆ ئەوەی هەركەس بەنیازبوو عەمرە بكات دەبێت بۆ ماوەیەكی كاتی لە كەرەنتیندا بێت، وتیشی، "لێرەوە ڕۆڵی دامەزراوە و كۆمپانیاكانی بواری عەمر دەردەكەوێت لە بە بازاڕكردنی ئەو ئەپە بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی سعودیە و ئەوانەی دێن بۆ عەمرە دایبەزێنن".

لەئێستادا 30 كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەكی كار بەو ئەپە دەكەن، كە لەڕێیەوە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی خزمەتگوزاری پێشكەش بەو كەسانە دەكرێت كە عەمرە ئەنجامدەدەن، وەك وەزیری حەج و عەمرەی سعودیە ئاماژەی پێكردووە.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزیری حەج و عەمرە ئاشكرایكردوون، كۆمپانیاكانی عەمرە خزمەتگوزاری پێشكەش بە 16 ملیۆن عەمرەكاری ناوخۆیی و دەرەكی دەكەن، نەشیشاردەوە سعودیە خواستی هەیە ژمارەی عەمرەكاران بگەیەنێتە 30 ملیۆن كەس لە ساڵێكدا.

بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ئەنجامدانی حەج و عەمرە ڕاگیرا، كە لە چەندین وڵاتی جیهانەوە هاوڵاتییان بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەو ئەركە ئاینییە ڕویان لە سعودیە دەكرد.



‌ئێستا