×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

جەیمس جێفری بەڵێنی فیدڕاڵییەت بە كوردانی ڕۆژئاوا دەدات

2020-09-21
جەیمس جێفری، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا
فۆتۆ: AA
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەڵێنی بە پارتە كوردییەكان داوە ببنە خاوەن هەرێمێكی فیدڕاڵی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەك ئەوەی میدیاكان بڵاویانكردوەتەوە.

دوێنێ یەكشەممە 21ی ئەیلول جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان و لە بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكە لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ژمارەیەك لە سەركردەی پارتە كوردییەكان كۆبوەوە.

بەپێی میدیاكان جێفری پشتیوانی خۆی بۆ ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد (ئەنەكەسە) دەربارەی دامەزراندنی (مەرجەعیەتی باڵای كورد) نیشانداوە.

نێردەی ئەمریكا پشتیوانی واشنتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای بۆ سەركردەكانی كورد دەربارەی ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان و كاركردن لەسەر هاندانی هێزە بەرهەڵسكارەكانی سوریا بۆ پشتیوانی لە هەڵوێستی ئەمریكا نیشانداوە و هەردوو ڕژێمی سوریا و ڕوسیای تۆمەتباركردووە بە شكستپێهێنان بە پڕۆسەی سیاسی و بەردەوامیدان بە هەوڵەكان بۆ چارەسەری سەربازی.

میدیاكان لەسەر زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردووەتەوە كە نێردەی ئەمریكا جەختیكردوەتەوە لەسەر ئەوەی چارەسەر لە سوریا لەڕێی بڕیارێكی نێودەوڵەتییەوە دەبێت، كە لەپاش ئەو هەنگاوە بونیادنانی سوریایەكی دیموكراتی و ڕژێمێكی دیموكراتی لە وڵات بە ئامانجی زامنكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكان دەستپێدەكات.

فەڕەنسا هاوكات لەگەڵ سەردانەكە كەوتووەتە جوڵە
ڕۆژنامەی (خەبەر تورك)ی توركی بڵاویكردوەتەوە كە تیمێكی پێكهاتوو لە 64 كەسایەتی فەڕەنسی كاردەكات لەسەر پێكهێنانی ژێرخانی ئابوری پارتی یەكێتی دیموكرات و دەشڵێت، هەوڵەكانی هەریەك لە ئەمریكا و فەڕەنسا لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا زیادیكردووە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە نێردەی ئەمریكا لەسەر حەوت بابەتی سەرەكی گفتوگۆ لەگەڵ پارتە كوردییەكاندا دەكات كە پێشتر لەلایەن دیبلۆماتكار و هەواڵگری ئەمریكاوە دەستیپێكردووە، بەڵام هێشتا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە.

لەكاتی ڕێككەوتنی هەردوولا تیمێكی ئەمریكی پێكهاتوو لە 80 كەس كاردەكات لەسەر ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی سەر بە (هەسەدە) و جێفری لەگەڵ ئەو لایەنانەی كۆبووەتەوە بەڵێنی پشتیوانی دارایی و خۆبەڕێوەبەری پێداون لەكاتێكدا ئەگەر گروپە كوردییەكان یەكبگرن.

پاش كۆتایی هاتنی سەردانەكەی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، جێفری گەیشتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە سبەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی تری هەرێم كۆببێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، جێفری لە تەواوی کۆبوونەوەکانیدا جەخت لە پاڵپشتییە بەردەوامەکان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لەنێویاندا پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دەکاتەوە و پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری دووپاتدەکاتەوە.



‌ئێستا