×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

حكومەتی عێراق بودجەی دوو ساڵ ئامادە دەكات

2020-09-21
دراوی عێراقی
فۆتۆ: google
ئێستا - عێراق
ئێستا
حكومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ی ڕەوانەی پەرلەمان كرد و دەڵێت، بەمزووانە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـیش ئامادە دەكات و دەینێریت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەندی بكات.

لەوبارەیەوە، جەمال كۆچەر، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلول لە لێدوانێكدا بۆ "تۆڕی میدیایی ئێستا" ڕایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە، بەڵام لای دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانە و هێشتا نەگەیشتووەتە لیژنەی دارایی و وتی، بڕیارە سبەی سێشەممە بگات بە لیژنەكە.

كۆچەر وتیشی، ئەو پرۆەژەیاسایە تایبەتە بە سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و لەلایەن كابینەكەی عادل عەبدلمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشووەوە ئامادەكراوە، ئەم كابینەیە تەنها بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ دووبارەیكردووەتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەحمەد مولا تەڵال، وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاشكرایكردبوو، حكومەت بەمنزیكانە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ئامادە دەكات و دەینێریت بۆ پەرلەمان. جەمال كۆچەر سەرباری پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، وتی، بڕیارە پێش 15ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ڕەوانەی پەرلەمان بكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەدووری زانی بودجەی ساڵی داهاتوو لەوەی ئەمساڵ باشتربێت، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی هەناردەكردنی و كاریگەرییە ئابوورییەكانی پەتای كۆرۆنا.

ڕوونیشیكردەوە كە بە گوتەی وەزیری دارایی عێراق، حكومەت مانگانە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرز دەكات، بۆیە بە بڕوای جەمال كۆچەر، گەر حكومەت بڕی نەوتی هەناردەكراو زیاتریش بكات، ئەوا نزمیی نرخ ڕێگردەبێت لەوەی داهات بەڕێژەیەكی زۆر زیادبكات بە جۆرێك كە گۆڕانكاریی گەورە لە بودجەدا بهێنێتە ئاراوە.

ئەندامە كوردەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان عێراق، پشتبەستوو بەو زانیاری و لێكدانەوانە ڕایگەیاند، پێدەچێت بودجەی ساڵی 2021 هاوشێوەی بودجەی ئەمساڵ وەبەرهێنان لەخۆنەگرێت و زیاتر بۆ خەرجی و بەگەڕخستن بێت.



‌ئێستا