×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

كاربەدەستێكی ئەمریكا: ڕەنگە ئێران تا كۆتایی ئەمساڵ بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات

2020-09-20
سەرۆكی ئەمریكا و نەخۆشەی ئێران كە مووشەكێكی لێوە دەرپەڕیوە
فۆتۆ: google
ئێستا - جیهان
ئێستا
بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمریكا دەڵێت، ڕەنگە ئێران ئەوەندە كەرەستەی هەبێت كە تا كۆتایی ئەمساڵ بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات.

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی ئەیلول لە زاری كاربەدەستێكی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، ڕۆژی دووشەممە 21ی ئەیلول، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سزا بەسەر 24 كەس و لایەندا دەسەپێنێت كە بەشداربوون لە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەكی و چەكە ئاساییەكانی ئێراندا.

كاربەدەستەكەی ئیدارەی ئەمریكا ڕاشیگەیاندووە، واشنتۆن پێیوایە تاران ڕەنگە كەرەستەی پێویستی هەبێت كە بتوانێت تا كۆتایی ئەمساڵ، بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات.

ئەو كاربەدەستەی ئەمریكا كە ئاژانسەكە ناوی بڵاونەكردووەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئێران و كۆریای باكوور هاوئاهەنگییان دەستپێكردووە لەبارەی پرۆژەی مووشەكی دوورمەوداوە.

ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە كە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی ئەیلول ڕایگەیاند، هەموو ئەو سزایانەی نەتەوەیەكگرتووەكان كە پێشتر هەڵوەشێندرابوونەوە، گەڕێندرانەوە بۆ سەر ئێران و كاراكرانەوە.



‌ئێستا