×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لەرێگای هێڵی شەمەندەفەرەوە عێراق و توركیا بەیەكەوە دەبەسترێنەوە

2020-09-20
فۆتۆ: 
ئێستا - عێراق
ئێستا
پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی ئەیلول ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەستنەوەی شاری موسڵ بە توركیا لەڕێگای هێڵی شەمەندەفەرەوە، ئەوەیش بە ئامانجی كەمكردنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی كە لەسەر ڕێگای ئۆتۆمبێل دروستبووە.

نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلسەباح ئاماژەی بەوەكردووە، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تیمەكانی ئەندازیاری و هونەری بە هاوكاری كۆمپانیاكانی بونیادنانی ئەندازیاریی توركیا، دەست دەکەن بە جێبەجێكردنی بەستنەوەی هەردوو وڵات بە هێڵی شەمەندەفەر".

پارێزگاری نەینەوا ئەوەشی ئاشكراكردووە، "ئەوە یەكەم پڕۆژەی لەو جۆرەیە كە لە پارێزگای نەینەوا جێبەجێ دەكرێت، لە كاتێكدا پارێزگاکە هاوكاری و ئاڵوگۆڕی ئابوری و وەبەرهێنانی گەورەی لەگەڵ توركیادا هەیە".

ئامانجی ئەو پرۆژەیەش كەمكردنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی كە لەسەر ڕێگای ئۆتۆمبێل دروستبووە، وەك پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی پێكردووە.

عێراق هێڵی شەمەندەفەری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا نییە، بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەنها پشتی بە دەروازە سنوریی و بەندەرەكان بەستووە.

دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش لە قەزای زاخۆ سەربە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان، تاكە دەروازەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و عێراق.



‌ئێستا