×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم ڕەخنە لە كازمی دەگیرێت

2020-09-15
دراوی عێراقی
فۆتۆ: Google
ئێستا - عێراق
ئێستا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هۆكاری ئەو كێشەیەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی عێراق دروستبووە، ناردنی پارەیە بۆ هەرێم لەلایەن كازمییەوە.

عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووە، "یاسای قەرز كە پێشتر لە پەرلەمان پەسەندكرا، موچەی فەرمانبەرانی لە مەترسی دوورخستەوە تا كۆتایی ئەمساڵ و پێویست بە هیچ قەرزێكی دیكە ناكات".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وتووە، "پاش ڕەزامەندی لەسەر ئەو قەرزە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرمانی دامەزراندن و ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان دەركردووە، ئەوەش كورتهێنانی لە بودجەی دیاریكراو بۆ موچە دروستكرد".

ئەو وتانەی ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا لەكاتێكدایە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا دوێنێ دووشەممە 14ی ئەیلول ئاشكرایكرد، "فشارێكی گەورە لەسەر وەزیری دارایی عێراق هەیە بۆ ئەوەی 2 تریلیۆن دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات".

لە 16ی ئاب، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دڵخۆشییەوە ڕایدەگەیەنم کە بەغداد ڕەزامەندی دەربڕیوە مانگانە 320 ملیار دینار وەک گەڕاندنەوەی بەشی خۆمان لە بودجەی فیدراڵ بنێرێت".



‌ئێستا