×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وای دەرخست لە ئاسكێكی داوە بەڵام پیاوێكی كوشتبوو

2020-09-15
داواكاری گشتیی ویلایەتی ساوس داكوتا
فۆتۆ: Google
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
هەواڵێك شەقامی ئەمریكای وروژاند، كاتێك بڵاوكرایەوە، داواكاری گشتیی ویلایەتێك بە ئۆتۆمبێل كەسێكی كوشتووە، بەڵام ڕایگەیاندووە لە ئاسكێكی داوە.

جەیسن ڕافنسبۆرگی تەمەن 44 ساڵ، كە داواكاری گشتیی ویلایەتی ساوس داكوتایە دانی بەوەدا ناوە بە ئۆتۆمبێل خۆی بە ئاسكێكدا كێشاوە و كوشتویەتی، بەڵام ڕۆژی دواتر دەركەوتووە كەسێك بەهۆی پیاكێشانی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەستداوە.

پاش ئەوەی وردەكاری ڕوداوەكە بڵاوكرایەوە ڕافنسبۆرگ ڕایگەیاندووە، "ئامادەم بۆ هەر هەماهەنگییەك و پرسە و سەرەخۆشیم هەیە بۆ خانەوادەی كۆچكردوو"، وەك ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە.

ئەو كەسەی بەهۆی ڕوداوەكەوە گیانی لەدەستداوە ناوی جۆزیف بوفەرە و تەمەنی 55 ساڵە، ڕۆژی شەممە ئۆتۆمبێلەكە خۆی پیادا كێشاوە و ڕۆژی یەكشەممە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.

ئەو داواكارە گشتییەی تۆمەتباری ڕوداوەكەیە، لەكاتی گەڕانەوەی لە كەمپینێكی حزبی كۆمارییەكان بەرەو ماڵەوە بەتەنیا لە ئۆتۆمبێلەكەدابووە و توشی ئەو ڕوداوە بووە، دواتر هەر ئەو شەوە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردووە و پێی ڕاگەیاندوون، لە ئاسكێكی داوە و كوشتویەتی.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری تیم پۆرمان، وتەبێژی داواكاری گشتی ئەوەی بلاوكردووەتەوە، لە كاتژمێر 10:24 خولەكی شەو بووە كە ڕافنسبۆرگ پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو داواكارە گشتییە خواردنەوە كحولییەكان ناخواتەوە و لە چالاكییەكی حزبیدا بووە، بەڵام خانەوادەی قوربانییەكە ترسیان لە پەردەپۆشكردنی ڕوداوەكە هەیە و توڕەن لە ڕەفتارەكانی ئەو داواكارە گشتییەكە.



‌ئێستا