×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نەسروڵا: هیچ چەکێکی حزبوڵا لە بەندەری بەیرووت نەبووە

2020-08-07
حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان
فۆتۆ: Public Domain
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان، حەسەن نەسروڵا، ئەمڕۆ هەینی 7ی ئاب، ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە چەکێکی حزبوڵا لە کۆگاکانی بەندەری لوبنان هەبووبێت، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو لێدوانانەی باسیان لە بوونی چەکی حزبوڵا دەکرد لە شوێنی تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژی سێشەممەی بەیرووت.

بەپێی ماڵپەڕی "لوبنان 24"، نەسروڵا لە یەکەمین لێدوانیدا لەبارەی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروت وتی، "بەهەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەینەوە کە حزبوڵا هیچ کۆگایەکی مووشەک یان چەک یان بۆمب و تەقەمەنی و نیتراتی لە بەندەری بەیرووت هەبێت."

ئەم قسەیەی حەسەن نەسروڵا لە کاتێکدایە، لە پاش تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت، هەندێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە دەکرد کە چەکی حزبوڵا لەو کۆگایەکی بەندەری بەیرووتدا هەبێت، کە تەقییەوە.

نەسروڵا جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا هیچ شتێکمان لەو بەندەرە نەبووە و لێکۆڵینەوەکان یەکلایی دەکەنەوە."

لەبارەی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بۆ لوبنان، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان، حەسەن نەسروڵا وتوویەتی، "بە شێوەیەکی ئەرێنی لە سەردانەکەی ماکرۆن دەڕوانین، یان هەر دەستێکی دیکەی هاوکاری لەم کاتەدا بۆ لوبنان درێژبکرێت."



‌ئێستا