×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: کازمی ناتوانێت وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستنیشانبکات

2020-08-01
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
فۆتۆ: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئێستا - شەفەق نیوز
ئێستا
لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ڕایگەیاند لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمیدا نییە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستنیشابکات و بەبێ پەسەندکردنی پەرلەمان هەڵبژاردن ئەنجامنادرێت.

ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بەهار مەحموود بە شەفەق نیوزی وت، "لەلایەنی دەستوورییەوە، لە دەسەڵاتی مستەفا کازمیدا نییە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستنیشانبکات، بەڵکو تەنها دەتوانێت دوای کۆتاییهاتنی خوولێکی پەرلەمان، وادەی هەڵبژاردنی ئاسایی دیاریبکات".

بەهار مەحموود لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەپێی بڕیاری ماددەی 64ی دەستووری عێراقییە، کە دەبێت یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەری ڕێکبکەون، یاخود سەرۆکوەزیران داوای بکات و سەرۆککۆماریش پەسەندیبکات".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوەش کردەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە، "تەنها بە پەسەندکردنی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان ئەنجامدەدرێت".

بەهار مەحموود ڕوونیشی کردەوە، "وادەی گونجاوی هەڵبژاردن، بەندە بە ئامادەکارییە لۆجیستییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕێکخستنی کادرانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە".

هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە، محەممەد حەلبووسی داوای دەستنیشانکردنی وادەیەکی نزیکتری بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکان و کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد، ئەویش دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، مستەفا کازمی ڕۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاریکرد.



‌ئێستا