×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تەندروستیی عێراق: بەهۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتییانەوە تووشبوون بە کۆرۆنا زیادیکردووە

2020-08-01
کارمەندێکی تەندروستی لەمیانەی چاودێریکردنی تووشبوویەکی کۆرۆنا
فۆتۆ: هەژماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە فەیسبوک
ئێستا - واع
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بە زەنگی ئاگادارکردنەوە وەسفکرد و هۆکارەکەی بە پابەندنەبوونی هاوڵاتیان دانا، داواشی کرد پێشێلکەرانی ڕێکارەکانی خۆپارێزی سزابدرێن.

بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دکتۆر حازم جومەیلی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، "زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا پێچەوانەی پێشبینیکردنی کەمبوونەوەی تووشبوونە بە پەتاکە، سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی مردنیش".

حازم جومەیلی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە زیادبوونی تووشبوون بە پەتاکە نیشانەیەکی باش نییە، "هۆکارەکەشی پابەندنەبوونی هاوڵاتییانە بە ڕێکارە خۆپارێزییەکان".

بریکارەکەی وەزارەتی تەندروستی جەختی کردەوە، "لە ماوەکانی ڕابردوودا، وەزارەت چەندین جار هۆشداریداوە لەوەی پابەندنەبوون دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان".

جومەیلی وتیشی، "تۆمارکردنی زیاتر زیاتر لە سێ هەزار تووشبوو لە ڕۆژی هەینی، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو لایەک و هەموو کەسێک و ئەوانەش کە کاریگەرییان هەیە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان".

بریکارەکە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر لە جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە پێشێلکەرانی ڕێکارەکان، لەو بارەیەشەوە وتی، "هێزە ئەمنییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن و ڕۆڵێکی گەورەشیان هەبووە لە بەدوداچوون، بەڵام لایەنە دادوەرییەکان بەلاوازی ڕێکار لە بەرانبەر پێشێلکاران دەگرنەبەر".

ڕۆژی 31ی تەمموز، وەزارەتی تەندروستی لە ئاماری ڕۆژانەیدا، سێ هەزار و 346 تووشبووی دیکەی ڕاگەیاند، لەگەڵ چاکبوونەوەی هەزار و 888 کەس.

لە ئێستادا ژمارەی تووشبووان بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، 124 هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە و چوار هەزار و 741 کەسیش مردوون، سەرەڕای چاکبوونەوەی 87 هەزار و 434 کەس.



‌ئێستا