×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سیناتۆرێکی ئەمریکی: هەسەدە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی ڕێککەوتووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان

2020-07-30
ئاڵای هەسەدە لەسەر خانوویەکی دەستبەسەرداگیراوی داعش لە دەیرەزوور
فۆتۆ: فرانس پرێس
ئێستا - کەناڵی ئەلحوڕە
ئێستا
سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا، لیندسی گراهام، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمموز، ئاشکرای کرد هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی واژووکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئەلحوڕە، لیندسی گراهام لە دانیشتنێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە ئامادەیی وەزیری دەرەوە، مایک پۆمپەیۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە فەرماندەی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی پێی وتووە، "ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی واژووکردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا".

بە وتەی گراهام، مەزڵوم عەبدی وتوویەتی، "ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ یارمەتیدانی هەمووان لە ناوچەکە".

مایک پۆمپەیۆ لە دانیشتنەکەدا، پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەم کارکردنە دەربڕیوە و وتوویەتی، "ڕێککەوتنەکە کاتی لەوە زیاتر خایاندووە کە پێشبینیدەکرا، لە ئێستادا لە سەروبەندی جێبەجێکردنیداین".

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "کانیی ئاشتی"ی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باکووری سووریا، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانیکرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە، بەڵام دواتر سەربازەکانی گەڕاندەوە بۆ نزیک کێڵگە نەوتییەکان.



‌ئێستا