×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کۆمپانیایەکی ژاپۆنی پرۆژەیەکی گەورەی پیشەسازیی نەوت لە عێراق وەردەگرێت

2020-07-30
پرۆژەیەکی FCC
فۆتۆ: ماڵپەڕی ڕێنتار
ئێستا
ئێستا
وەزیری نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمموز، ڕایگەیاند پرۆژەی "FCC" لە پاڵاوگەکانی باشووری وڵاتەکە دەدەن بە کۆمپانیای "JGC"ی ژاپۆنی، هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیارەکەی پەسەندکردووە.

ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لێدوانی وەزیری نەوت، ئیحسان عەبدولجەباری بڵاوکردەوە کە وتوویەتی، "پرۆژەی 'FCC' لە پرۆژە گەورەکانی کەرتی پیشەسازییە لە عێراق، دەتوانێت 55 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادبکات و حەوت هەزار هەلی کاری دابیندەکات، کە ڕاستەوخۆ کارمەندیان بۆ دادەمەزرێنن".

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەشدا، "70 هەزار هەلی کاری زیاتر فەراهەمدەکات".

وەزیرەکەی نەوتی عێراق ڕوونیکردەوە کە پرۆژەکە دراوە بە کۆمپانیای "JGC"ی ژاپۆنی، "ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری پێدانەکەی پەسەندکردووە".
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە بریکاری وەزارەتی نەوت، دکتۆر حامید یونس ئاشکرای کردووە، "قەرزەکانی ژاپۆن لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تۆکیۆ و بەغدادن، ڕێکخراوی جایکای سەر بە حکومەتی ژاپۆنی قەرزەکەی پێشکەشکردووە، هەروەها لایەنی ژاپۆنیش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گرتنەئەستۆی تێچووی تەواوی پرۆژەکە".

بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باشوور، حیسام وەلی باسی لەوە کرد، "پرۆژەکە چوار ساڵی پێدەچێت و لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات، کۆمپانیا ژاپۆنییەکە بانگهێشتکراوە بۆ واژووکردنی گرێبەستی پرۆژەکە، کە تێچووەکەی چوار ملیار دۆلارە".



‌ئێستا