×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تاران لەڕێی بانکە عێراقییەکانەوە پارەی شتومەکە سەرەتاییەکانی دەداتەوە

2020-07-29
ئاڵای عێراق و ئێران
فۆتۆ: تەهران تایمز
ئێستا - ئیرنا
ئێستا
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق، یەحیا ئیسحاق، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمموز، ڕایگەیاند ئێران لەڕێی بانکەکانی عێراقەوە پارەی ئەو شتومەکە سەرەتاییانە دەدات کە لە چەند وڵاتێکی کڕیوە.

یەحیا ئیسحاق بە ئاژانسی ئیرنای وتووە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردوو بۆ تاران، قایلبووە بە دانەوەی قەرزەکانی بە ئێران".

سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولا بۆ دانەوەی قەرزەکانی لای بەغداد، تاران لەڕێی بانکەکانی عێراقەوە پارەی ئەو شتومەکە سەرەتاییانە دەدات کە لە وڵاتانی دیکەی کڕیوە. کە ڕەنگە بانکە عێراقییەکان، لەبری ئەوەی قەرزەکە بە ئێران بدەنەوە، دەیدەن بە کۆمپانیا فرۆشیارەکان.

مستەفا کازمی لە سەردانەکەی بۆ تاران، چاوی بە سەرۆککۆماری ئێران، حەسەن ڕۆحانی و ڕێبەری باڵای وڵاتەکە، عەلی خامنەیی کەوت. لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی کازمی و ڕۆحانی، ئاماژە بەوە کرا کە گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای بازرگانیی ساڵانەی نێوان هەردوو وڵاتەکە بۆ 20 ملیار دۆلار کراوە.

یەحیا ئیسحاق جەختی لەوەش کردەوە کە ئێران و عێراق پێویستیان بەوەیە بەردەوام بن لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، سەرەڕای بارودۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە دوو وڵاتەکە.



‌ئێستا