×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مۆزەخانەی نۆبڵ پێشانگای 'پەتا'ی تایبەت بە کۆرۆنای کردەوە

2020-07-28
دیمەنێکی پێشانگای پەتا لە مۆزەخانەی نۆبڵ
فۆتۆ: یۆرۆ نیوز
ئێستا - یۆرۆ نیوز
ئێستا
پێشانگایەکی تایبەت بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەناوی "پەتا" لە مۆزەخانەی خەڵاتی نۆبڵ کرایەوە، کە تیشکدەخاتە سەر ڕەنگەدانەوەی پەتا بەربڵاوەکانی ناو مێژوو لە بەرهەمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکاندا.

بەپێی کەناڵی یۆرۆ نیوز، پێشانگای "پەتا" تیشکی خستووەتە سەر پرسەکانی ڤایرۆس و پەتای جیهانی، لە کاتێکدا لە مانگی ئازارەوە مۆزەخانەکە بەهۆی پەتای کۆرۆنای نوێوە داخراوە.

دوای چوار مانگ لە داخرانی، مۆزەخانەکە بە پێشانگای "پەتاوە" پێشوازی لە سەردانیکەرانی دەکات، کە تێیدا نیشانی دەدات چۆن مرۆڤ لە مێژوودا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی تێگەیشتن و ڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکان بوونەتەوە.

بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، ئێریک لانەر لەو بارەیەوە بە یۆرۆ نیوزی وت، "پێشانگا نوێکەمان تیشک دەخاتە سەر ئەوەی توێژینەوە پزیشکییەکان و زانستە ئابوورییەکان و ئەدەبیش چۆن بە تێپەڕبوونی کات لە پەتا جیهانییەکان و ڤایرۆسەکان و سیستمی بەرگرییان ڕووانیوە".

بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەک مۆزەخانەی خەڵاتی نۆبڵ، "دەمانەوێت ئەوە پیشان بدەین مرۆڤایەتی توانای ئەوەی هەیە بەسەر سەختییەکاندا زاڵببێت و چارەسەرێک لە کاتە سەختەکاندا بدۆزێتەوە، هەروەها پەیامێکی ئومێدبەخشانەش بگوازینەوە".

پێشانگای "پەتا" کاری ئەو زانایانە پیشاندەدات کە خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشراوە و توێژینەوەیەن لەبارەی ڤایرۆس و نەخشەی سیستمی بەرگریی جەستەی مرۆڤ و پێکوتەی پێشکەوتووەوە کردووە.

ئێریک لانەر باس لەوە دەکات لە پێشانگاکەدا سەرنج خراوەتە سەر زانستە ئابوورییەکان، "ئەو براوانەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری زانستە ئابوورییەکاندا کاریان کردووە، هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانیان تایبەت کردووە بەوەی پەتایەکی جیهانی یان پەتایەکی ئاسایی چ کاریگەرییەکی بەسەر کۆمەڵگە و ئابوورییەوە هەبووە".

لانەر سەبارەت بە ڕۆڵی ئەدەب لە خستنەڕووی پەتا و ڤایرۆسەوە وتی، "نووسەرە مەزنەکان ئەزموونەکانیان خستووەتە ناو وشەکانەوە، لە هەندێک حاڵەتدا ئەزموونەکانی خۆیانیان دەربڕیوە، هاوشێوەی تی ئێس ئێلیەت کە لە شیعری "وێرانەخاک"ـدا ئەزموونی خۆی دەربڕیوە، کە پەتای ئیسپانی چ کاریگەرییەکی بەسەرەوە هەبووە".



‌ئێستا