×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ناکۆکییەکانی بەڕیوەبردنی درێژترین ڕووباری جیهان بە کوێ دەگات؟

2020-07-26
بەنداوی نەهزە لە ئەسیوبیا
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - سپوتنیک
ئێستا
نۆ ساڵ دانوستان و چەندین ڕێککەوتن لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئاوی درێژترین ڕووباری جیهانەوە کراوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوودا هەموویان بەهەدەرچوون، هۆکارەکەشی بارانێکی بەلێزمە بووە.

وێنە سەتەلایتییەکانی کۆمپانیای ماکسار تەکنەلۆجیزی ئەمریکی، ئەوەی پیشانداوە کە ئاو لە کۆگای بەنداوی نەهزە لە سنووری خاکی ئەسیوبیا کۆبووەتەوە، ئەمەش وای کرد دەسەڵاتدارانی میسر داوای ڕوونکردنەوە لە حکومەتی وڵاتەکە و حکومەتی سوودان بکەن ، ئەگەرچی بەرپرسە سوودانییەکان گلەیی ئەوەیان دەکرد ئاستی ئاوی ڕووبارەکە کەمیکردووە.

ڕەنگە هۆکاری پڕبوونی بەنداوەکە بارانی بەخووڕ بووبێت، بەڵام ئەسیوبیا چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە بەنداوەکە پڕدەکات، ئیدی لەگەڵ میسر و سوودان ڕێکبکەوێت یاخود نا، لەبەرئەوە وێنەکان ترسی خستووەتە دڵی بەرپرسە میسری و سوودانییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، دوو وڵاتەکە لەوە دەترسن پڕکردنەوەی بەنداوەکە، کاریگەریی قووڵی بەسەر ئاودیرییانەوە هەبێت. ئەو ڕۆژەی کۆمپانیای ماکسار وێنەکانی بڵاوکردەوە، سێ وڵاتەکە شکستیانهێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆژەکە.

هیوای ئەسیوبی و ترسی میسری
بەنداوی نەهزەی مەزنی ئەسیوبی، پرۆژەیەکی بەرهەمهێنەری کارەبایە لە ئاوەوە، کە بەهاکەی 4.5 ملیار دۆلارە و بە سیمبولی ئامانجی ئەسیوبیش دادەنرێت بۆ بوون بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکە، بەوپێیەی دەتوانێت کارەبا بۆ لە سەدا 60ی خێزانە ئەسیوبییەکان دابینبکات، کە تاوەکو ئێستا هیچ تۆڕێكی کارەبایی نەیتوانیوە لەخۆیبگرێت.

یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، بێرهانوو لینجیسو لەبارەی بەنداوەکەوە وتی، "بەبێ کارەبا، زۆرینەی ئەسیوبییەکان دار وەک سووتەمەنی بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا لە سەدا 40ی دانیشتووانی وڵاتەکە تۆڕێكی کارەبایان هەیە کە بەردەوام بڕانی تێدەکەوێت".

بەڵام بەنداوەکە هەڕەشە کە گەورەترین سامانی میسر دەکات، چونکە زۆرینەی دانیشتووانی میسر، کە ژمارەیان 102 ملیۆن کەسە، لە دۆڵی تەسکی نیلدا دەژین و لە ئاو خواردنەوە تاوەکو پیشەسازی و ئاژەڵداریدا پشت بەم ڕووبارە دەبەستن.

جووتیارێک لە باشووری میسر، کە خۆی و نەوەکانیشی لە ئاییندەدا لەسەر ڕووباری نیل دەژین، پێشبینی ئەوە دەکات لە سەدا 60ی ئاودێرییان کەمببێتەوە و خەرجیی ئاویان زیادبکات. جووتیارەکە بە ئاژانسی سپوتنیکی وتووە، "ئێمە زۆر نیگەرانین و هەموو جووتیارانیش دڵگرانن".

بەپێی شیکارییەکانی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان (ICG)، سوودان سوود لە پرۆژەکە دەبینێت چونکە نرخی کارەبا کەمدەبێتەوە و لەبەرڕۆیشتنی بەردەوامی ئاو لە بەنداوەکە، سنوور بۆ لافاوەکان دادەنێت و ئاودێریشیان زیاددەکات.

بەڕێوەبردنی درێژترین ڕووباری جیهان
سەیر نییە کە بەڕێوەبردنی درێژترین ڕووباری جیهان ئاڵۆز و سەخت بێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە درێژییەکەی نزیکەی شەش هەزار و 600 کیلۆمەتر دەبێت و لە 11 وڵاتەوە هەڵدەقوڵێت. نیلی شین کە لە سەدا 80ی ئاوی ڕووباری نیلی مەزن دابیندەکات، لە دەریاچەی تانا لە ئەسیوبیاوە سەرچاوەدەگرێت و لەگەڵ زێی سەرەکی، نیلی سپی، لە خەرتوومی سوودانەوە یەکی گرتووە، دواتریش بە میسردا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە ناو دەریای سپیی ناوەڕاست.

سەرجەم دانوستانەکانی نێوان ئەم سێ وڵاتە، بەندە چوارچێوەی زەمەنیی پڕكردنی بەنداوەکە، خێرایی پڕکردنەوەی و چۆنیەتیی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر وشكبوونی ناوچەکە. لە سەرەتاوە ئەسیوبیا پێشنیازی ئەوەی کرد لە ماوەی سێ ساڵدا بەنداوەکە پڕبکاتەوە، بەڵام میسر دەیویست لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵدا پڕیبکاتەوە.

توێژەرێک لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن بەناوی حەفسە حەلاوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێککەوتنێکی زارەکی لەسەر پڕكردنی بەنداوەکە بە هەشت ساڵ هەبووە.

قاهیرە خەمی ئەوەیەتی پڕکردنی خێرای بەنداوەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی ئەو ئاوەی لە نیلەوە پێیدەگات. ساڵی 2018، وەزیری ئاودێریی میسر، محەممەد عەبدولعاتی ڕایگەیاند، "ئەگەر لە سەدا 2ی ئاوی نیل کەمبکات، 840 دۆنم زەویی کشتوکاڵی و ملیۆنێک کار لەناودەچن و نامێنن".

هێشتا زیانەکانی بەنداوەکە لەسەر سێ وڵاتەکە بەتواوی دیار نییە. ئەگەرچی نەشیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کام لایەن توێژینەوە ژینگەییە پێویستەکان ئەنجامبدات و چی ڕێگە بە توێژەران بدات و دەبێت ئەنجامەکانی چی بن.

لە وەرزی بارانباریندا، ڕێککەوتن لەسەر بنەمای پڕکردنەوەی بەنداوەکە بە هەشت ساڵ، هیچ کێشەیەکی هەنووکەیی دروستناکات، بەڵام میسر ترسی ئەوەی هەیە وشکەساڵیی داهاتوو یان پرۆژەی دیکەی پێشبینیکراو، لەبەرڕۆیشتنی ئاوی نیل لاوازبکات.

ئەسیوبیا پێداگرە لەوەی هەمووان ڕۆڵیان هەبێت لە کەمردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکبوونی زەوییەکانی ناوچەکە، بۆ نموونە میسر یەدەگە ئاوییەکەکانی لە بەنداوی ئەسوانی سەروو بەکاربهێنێت، هەروەها دەشیەوێت یەکسەر کێشەکانی چارەسەربکات، بەڵام بەبێ ئەوەی پابەندی هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوو ببێت، وەک ئەوەی ڕێککەوتبوو لەسەر بەردانەوەی بڕێكی دیاریکراو لە ئاوی کۆگا ئاوییەکانی لە کاتی وشکەساڵی و وشکەخاکیدا.

حەفسە حەلاوە وتی، "خاڵە پڕکێشەکە داهاتووە. ئەسیوبیا بە شێوەیەک لە دانوستانەکان دەڕوانێت کە ڕێگایەکە بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی نەهزە و پڕکردنەوەی، نەوەک ڕێککەوتنی ئاسایشی ئاوی و دابەشکردنی ئاو بێت. بەڵام میسر بەپێچەوانەوە لێی دەڕوانێت. ئەمەش جیاوازییەکی یاسایی و تەکنیکیی سەرەکیی نێوانیانە".



‌ئێستا