×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

دامەزراوەی نۆبڵ: ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکانی ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە

2020-07-21
خەڵاتی نۆبڵ
فۆتۆ: AFP
ئێستا - AFP
ئێستا
دامەزراوەی نۆبڵ، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمموز، ڕایگەیاند کە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکانی نۆبڵی ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشاوەتەوە، "بەڵام بەخشینی خەڵاتەکان بەشێوەیەکی دیکە بەڕێوە دەچن".

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دامەزراوەی نۆبڵ ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 1956ـەوە ئەمە یەکەمین جارە ئەو ئاهەنگە هەڵوەشابێتەوە.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی نۆبڵ، لاش هەیکێنستن لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی، "هەفتەی نۆبڵ، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بە دابونەریتی خۆی بەڕێوە ناچێت. ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە و هەمووان دەبێت قوربانی بدەن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکاندا ڕابهێنن".

هەیکێنستن وتووشیەتی بە "شێوەیەکی جیاواز" براوەکانی نۆبڵی 2020 "بۆ دۆزینەوە و کارەکانیان" دیاری دەکرێن.

ساڵانە لە مانگی دیسەمبەر، ئاهەنگێکی شکۆدارانە بۆ براوەکانی نۆبڵ ساز دەکرێت و ناوی لێنراوە "هەفتەی نۆبڵ"، براوەکان بانگهێشتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دەکرێن و لە ڕێوەڕەسمێکدا، کە زیاتر لە 1300 کەس بەشداری تێدا دەکەن، خەڵاتەکانیان پێدەبخشرێت.

دامەزراوەی نۆبڵ ئاماژەی بەوەش کردووە کە براوەی خەڵاتەکانی "پزیشکی، فیزیا، کیمیا، ئەدەب، ئاشتی و ئابووری" لە نێوان ڕۆژانی 5 تا 12ی ئۆکتۆبەری 2020 ڕادەگەیەنرێن.

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1956، وتەبێژی دامەزراوەی نۆبڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "بەهۆی بانگهێشتنەکردنی باڵیۆزی یەکێتیی سۆڤییەت بوو، لەبەرئەوەی شۆڕشی هەنگارییەکانی کپ کردەوە".

لە ماوەی ساڵانی هەردوو جەنگی جیهانی و 1907 و 1924، ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ هەڵوەشایەوە.

خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتێکی سویدییە دەبەخشرێت بەو کەسانەی جیهان کە لە بوارە جیاوازەکاندا "دۆزینەوە و کاری جیاواز" دەکەن. خەڵاتەکە لەلایەن زانای سویدی، ئەلفرێد نۆبڵەوە دانرا، لە وەسیەتنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت ساڵانە ئەم خەڵاتە ببەخشرێت.



‌ئێستا